ڕۆژی یەکشەممە، دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو و ئامارە نافەرمییەکان چیمان پێ دەڵێن؟
ھەرێمی کوردستان ٢٠٤ بنکەی دەنگدانی تایبەتی هەیە، لەو ژمارەیەش ٧٩ بنکە لە ھەولێر، ٨٢ بنکە لە سلێمانی و ٤٣ بنکە لە دهۆک بوو کە ٩٥٨ وێستگەی لەخۆگرتبوو، لەو ژمارەیەش ٣٨٥ وێستگە لە ھەولێر، ٣٧٨ وێستگە لە سلێمانی و ١٩٥ وێستگە لە دھۆک بوو.
ژمارەی دەنگدەرانی تایبەت لە هەرێم بریتیی بوو لە ٢٢٤ ھەزار و ٣٣٣ دەنگدەر، بەجۆرێک هەولێر ٨٥ هەزار و ٧٩٣ دەنگدەر، سلێمانی و هەڵەبجە ٨٢ هەزار و ٥٤٧ دەنگدەر، دهۆک ٥٥ هەزار و ٩٩٣ دەنگدەربوو.
دوای تەواوبوونی پڕۆسەکەش، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، عومەر ئەحمەد ڕایگەیاند کە ڕێژەی بەشدارییکردن لە سەرتاسەری عێراق سەدا ٨٢ بووە.
پارێزگای هەولێر
بازنەی ھەولێر کە تەواوی پارێزگای ھەولێر دەگرێتەوە و خاوەنی ١٥ کورسیی پەرلەمانی عێراقە لەگەڵ یەک کورسی بۆ کۆتا، لەم بازنەیە ١٠٨ کاندید لە چوارچێوەی نۆ حزب و شەش لیستی تاک بەشداربوون و ٨٥ ھەزار و ٧٩٣ دەنگدەری تایبەت لە ٣٨٥ وێستگەی دەنگدان بەشدارییان لە پڕۆسەکەدا کرد کە دابەشببوون بەسەر ٧٩ بنکەی دەنگدان دا.
بەپێی ئامارە نافەرمییەکان لە ٣٨٥ بنکەی هەولێر پارتی دیموکراتی کوردستان ٣٢ هەزار و ٢٥٥ دەنگ و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ١٢ هەزار و ٥١٢ دەنگی بەدەستهێناوە.
هەروەها ڕەوتی هەڵوێست ٢هەزار و ٢٩٨ دەنگ، نەوەی نوێ هەزار و ٢٨٦ دەنگ، یەکگرتوو ٦٧٠ دەنگ و کۆمەڵی دادگەریی ٣٨٥ دەنگی بەدەستهێناوە.
هاوکات کاندیدانی کۆتا بۆ پێکهاتەی مەسیحی هەریەک لە کلدۆ ڕەمزی ٨ هەزار و ٤١٩ دەنگ، عیماد یۆخەنا ٥هەزار و ٦٦٥ دەنگ و سامی ئۆشانە ٣ هەزار و ٨٩٨ دەنگ و حەیدەر فەیلی هەزار و ٣٧٣ دەنگی بەدەستهێناوە.
پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە
ھەروەھا پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان وەک یەک بازنە ھەژمارکراوە و، ١٨ کورسیی پەرلەمانی عێراق بۆ تەرخانکراوە و تێیدا لە پڕۆسەی دەنگدانی تایبەت ٨٢ ھەزار و ٥٤٧ دەنگدەر مافی دەنگدانییان هەبوو، ھاوکات ١٣٦ کاندید لە چوارچێوەی نۆ حزب و چوار لیستی تاک بەشداری پڕۆسەکەیان کرد.
لەم بازنەیەدا پارتی دیموکراتی کوردستان ٦هەزار و ٣٠٢ دەنگ، یەکێتی نیشتمانیی کوردستان ٤٢ هەزار و ٩١٣ دەنگ، ڕەوتی هەڵوێست ٤ هەزار و ٨٩١ دەنگ، نەوەی نوێ ٢ هەزار و ٣٢٠ دەنگ، یەکگرتووی ئیسلامیی هەزار و ٥٨٠ دەنگ، کۆمەڵی ئیسلامی ٩٠٩ دەنگ و بەرەی گەل ٧٣٩ دەنگی بەدەستهێناوە.
هاوکات کاندیدانی کۆتا بۆ پێکهاتەی مەسیحی هەریەک لە کلدۆ ڕەمزی ٣٩ دەنگ، عیماد یۆخەنا ١٨٢ دەنگ و سامی ئۆشانە ١٥٨ دەنگ و حەیدەر فەیلی ٥٠ دەنگی بەدەستهێناوە.
پارێزگای دهۆک
ئەم پارێزگایە خاوەنی ١١ کورسیی پەرلەمانی عێراقە و یەک کورسیش بۆ کۆتای مەسیحییە، لەم پڕۆسەیە ٥٥ ھەزار و ٩٩٣ دەنگدەری تایبەت و ٥٩ کاندیدی هەبوو.
لەم بازنەیە پارتی دیموکراتی کوردستان ٢٦ هەزار و ٤٧٥ دەنگ، یەکێتی نیشتمانیی کوردستان ٥٠٧ دەنگ، یەکگرتووی ئیسلامیی ٢ هەزار و ٢٦٠ دەنگ، ڕەوتی هەڵوێست ٦٨٦ دەنگ، نەوەی نوێ ٥٣٦ دەنگ، کۆمەڵی دادگەریی ٤٤ دەنگ و بەرەی گەل ٣١ دەنگی بەدەستهێناوە.
هاوکات کاندیدانی کۆتا بۆ پێکهاتەی مەسیحی هەریەک لە کلدۆ ڕەمزی ٤ هەزار و ٢٣٢ دەنگ، عیماد یۆخەنا ٣ هەزار و ٤٦٧ دەنگی بەدەستهێناوە.
دەنگی پووچەڵ
هەر بەپێی ئەنجامە نافەرمییەکان نزیکەی ٤٠ هەزار دەنگی پووچەڵ لە هەر سێ پارێزگای هەرێمی کوردستان هەبووە کە هەولێر بریتیی بووە لە ١٣ هەزار و ٤٦٥ دەنگ، سلێمانی و هەڵەبجە ١٩ هەزار و ٦٤٥ دەنگ، دهۆک ٥ هەزار و ٤٠٦ دەنگ.




