spot_imgspot_img

پلانی پێنج ساڵەی پازدەیەمین نەخشە ڕێگای ڕێنیسانسی مەزنی چین

مەشخەڵ کەوڵۆسی

لە مانگی ئۆكتۆبەری 2025دا لە شاری پەكین، حزبی شیوعیی چین كۆبوونەوەی فراوانی چوارەمی خۆی (پلنیۆمی چوارەم) بە مەبەستی پێداچوونەوەی كارەكانی و بڕیاردان لە نەخشەڕێگایەكی گەورە و فراوان بۆ پێنج ساڵی داهاتووی نەتەوەی چین ئەنجام دا. ئەم پلانی پێنج ساڵەیە، لە خولی 15یەمینی خۆیدا دەژی، واتە لە ساڵی 1953ەوە تاكوو ئەمساڵی 2025، حزبی شیوعیی چین هەر پێنج ساڵ جارێك پلانێكی بۆ گەشەپێدانی ئابووری و كۆمەڵایەتی و گەشەی زانستی و ئیكۆلۆژی و سیاسەت داڕشتووە و ناونراوە (پلانی پێنج ساڵە). لەم ساڵدا پلانەكە خولی (15)یەمینی خۆی دەسپێدەكات و لە ڕابردوودا 14 جار پلانی پێنج ساڵە پێشكەش كراوە و ئەوەی كە ئەیبینین لە گەشە و ڕێنیسانس لە ئاستی چین و شوێنەوارەكانی لە جیهاندا، بەرهەمی ئەم پلانە پێنج ساڵەیانەیە.

پێگومان ئەمڕۆ بە حوكمی ئەوەی جیهان بەرەو فرەجەمسەری و دروستبوونی بلۆكی زەبەلاحی ئابووری دەچێت، هاوكات سەرجەمی كایە جیهانییەكان تەنانەت لە ڕووی سیاسی و هاوپەیمانێتیی هێزیشەوە تەنیا لەژێر هەژموونی ڕۆژئاوا و بەتایبەتی ئەمریكادا نامێننەوە، هەر بڕیارێكی هێزە تازەكان (بەتایبەتی بڕیارەكانی چین كە ڕەهەندی ئابووری و ڕەهەندی دەرەكییان هەیە) كاریگەریی گەورە لەسەر كۆی بارودۆخی جیهانیدا دادەنێت. بۆ نموونە، لە شەڕی تاریفەی گومرگیدا كە ئەمریكا سەپاندی، بڕیارەكانی چین، كاریگەریی لەسەر زنجیرەكانی تەوریدی بازرگانی لەسەرتاسەری جیهاندا دروست كرد، هەر بۆیە پێویستە زۆر بەوردی توێژینەوە بۆ سیاسەتی گشتی چین بكەین، وڵاتانی دنیاش هەر وا دەكەن و چەندین سەنتەر بۆ توێژینەوەی چینی، فێربوونی زمانی چینی، تێگەیشتن لە سیاسەتی دەرەوەی چین دروست كراون.

ئەوەی پێویستە هەموو وڵاتان و ئابووریییەكان ڕەچاوی بكەن، ئەوەیە كە ئێستا قۆناغی تاكجەمسەریی جیهان تێپەڕیوە و خەریكە قۆناغی فرەجەمسەری دەست پێدەكات. ئەوە ئەگەر لە بواری سیاسیدا كەمتر ببینرێت، بێگومان لە بواری ئابووری و تەكنەلۆژی و بازرگانیدا بەتەواوی خەمڵیوە و هیچ بڕیارێكی چین نییە كاریگەریی لەسەر سەرجەم مرۆڤایەتیدا نەبێت. لەبەر ئەو ئیعیتبارە جیۆسیاسییە گرنگە، پێویستە ئێمەش وەكوو گەلی كورد بزانین سیاسەت و ئابووریی چین بەرەو كوێ دەچن و پلانەكانی چین بۆ گۆڕانكاریی مۆدیلی جیهانی چیین؟

لەڕاستیدا دەتوانم بڵێم پلانی پێنج ساڵەی (15)یەمین، تەنیا پلانێكی ئاسایی بەڕێوەبردنی دەوڵەتی چین نییە لە ئێستا تاكوو ساڵی 2030، بەڵكوو بە مانای وشە ماستەرپلانی ڕێنیسانی هەرەگەورەی نەتەوە و شارستانییەتی چینە، هەروەها پلانێكی گشتگیر و فرەلایەن و ورد و ئاڵۆزە بۆ جێبەجێكردنی ئایدیا گەورەكانی (شی جین پینگ) بۆ نوێكرنەوەی شێوازی چینی، هەروەها بۆ دروستكردنی سۆشیالیزم بە میتۆدی چینی.
بێگومان هەریەك لەو دوو بابەتە، میحوەری كاركردن و دیاریكردنی بەرژەوەندییەكانی نەتەوەی چینن، ئامانجیان ئەوەیە ڕێنیسانسی سەرتاسەری شارستانییەتی چینی پێشكەشی مرۆڤایەتی بكەن.

واتە بابەتەكە لەوە دەترازێت كە تەنیا پەیوەست بێت بە ناوخۆی چین و سێكتەرێكی دیاریكراوەوە، بەڵكوو فرەڕەهەند و كاریگەرە، چونكە تەنانەت بابەتی ژینگەی ئیكۆلۆژی و سیاسەت و ئابووریی جیهان و نەخشەی هاوپەیمانێتییەكان و هێڵە سوورەكانی سیاسەتی دەرەوەی چینیش لە هەموو جیهاندا دیاری دەكات.

لێرەدا و لەپێناو ڕوونبوونەوەی گرنگی و بایەخی پلانی پێنج ساڵەی پازەدەیەمین، تەنیا ئاماژە بە خاڵی (50)ی ڕاسپاردەكان دەكەم كە تیایدا بە دەق هاتووە: (بەهێزكردنی تواناكانی ئاسایشی نەتەوەیی لە هەموو سێكتەرەكاندا، پێویستە تواناكانی ئاسایشی نەتەوەیی بەوجۆرە ڕێك و فەراهەم بكرێن و ئامادە بكرێن، كە لەگەڵ جەنگی ڕاستەقینەدا بگونجێن و لە بواری تیۆری دەرچن!).

ئەوەی جێگەی سەرنجە، پلانی پێنج ساڵەی پازدەیەمین، ئەم ئامانجە چارەنووسسازە دەبەستێتەوە بە چەند هۆكارێكی دیكەوە، واتە ئەوەی كە ئاسایشی نەتەوەیی لەگەڵ دۆخی جەنگی ڕاستەقینە بگونجێت پەیوەستە بە چەند فاكتەرێكی یاردەیدەرەوە كە پلانەكە هەر لە هەمان خاڵدا ڕوونی دەكاتەوە و ئاماژەیان پێدەكات، لەوانە: (دابینكردنی بژێوی گەل، دابینكردنی سەرچاوەكانی تەورید، مسۆگەركردنی ئاسایشی دامەزراوە گەورەكانی بەرهەمهێنان، دابینكردنی كانزای دەگمەن و بەرهەمهێنان و كۆگاكردنیان، دابینكردنی ئاسایشی ڕێگەكانی بازرگانی و بەندەر و تەنگە دەریاییەكان لەسەر ئاستی جیهان، بەرزكردنەوەی كوالێتیی بەكارهێنانی ئاو، گۆڕانكاریی ڕیشەیی لە بەكارهێنانی ئینتەرنێت، دامەزراندنی دامەزراوەی پیشەسازییە ستراتیژییە گەورەكان…هتد).

پرسیارەكە ئەوەیە: ئایا ئەم كۆدانە پێمان ناڵێن شارستانییەتێكی گەورە هاتووە جیهان بگۆڕێت؟ نەتەوەیەك لە حاڵەتی ڕێنیسانسی ڕیشەییدایە و خەونی گۆڕینی جیهانی هەیە؟ خەونی گۆڕێنی چەمكەكانی دەوڵەتداریی هەیە؟ ئایا سەردەمی چینی دەستی پێ نەكردووە؟

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە