spot_imgspot_img

زیرەكیی دەستكرد ‌و پرسی خاوەندارێتی فیكری

خەلیک عەبدوڵا

پاش ئەوەی لە رێی زیرەكیی دەستكردەوە، چەندین بەرهەمی كەلتوریی وەك (تابلۆ، پارچە میوزیك، شیعر، چیرۆك، رۆمان، وتار و…هتد)، بەرهەم هات. ئەو بابەتە بووە جێگەی مشتومڕی شارەزایانی بواری یاسا ‌و ئەو پرسیارەیان ورووژاند، ئایا كێ‌ دەبێتە خاوەنی راستەقینەی ئەو بەرهەمە كەلتورییانە ‌و بەپێی یاسای مافەكانی خاوەندارێتی فیكریی چۆن مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت؟

بەپێی یاسا كلاسیكییەكانی مافەكانی خاوەندارێتی فیكریی، دەبێ‌ دانەر‌ و نووسەر‌ و بەرهەمهێنی ئەو بابەتە كەلتوریانە مرۆڤ بن. بەرهەمەكانی زیرەكیی دەستكرد بابەتی نوێن ‌و لەو یاسا كۆنانەدا باسیان نەكراوە، ئەوەش بۆتە كێشەی یاسایی ‌و نازانرێ‌ لە دادگاكان چۆن مامەڵەی یاساییان لە گەڵدا بكرێ‌‌ و خاوەندارێتیان بۆ كێ‌ دەگەڕێتەوە؟  ئایا خاوەنەكانیان زیرەكیی دەستكرد خۆیەتی، یاخود پرۆگرامساز ‌و دیزاینەرە، یاخود ئەو بەكارهێنەرەیە كە داوای ئەو بەرهەمانەی كردووە؟

شارەزایانی بواری یاسای وڵاتان گفتوگۆ لە بارەی ئەو بابەتانەوە دەكەن ‌و راو بۆچوونی جیاوازیان هەیە، لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دان بە موڵكدارێتیی فیكریی زیرەكیی دەستكرددا نانێن‌ و رایان وایە تەنها مرۆڤ ئەو مافەی هەیە. وڵاتانی یەكێتیی ئەوروپا لە گفتوگۆی ئەوەدان  كە ئەو بابەتانە، بابەتی نوێن ‌و پێویستییان بە داڕشتن ‌و دەركردنی یاسای نوێ‌ هەیە‌ و لەگەڵ ئەوەشدان، دان بە بەشێك لە موڵكدارێتیی فیكری بنرێ‌ بۆ ئەو بەكارهێنەرانەی كە سیستمەكەیان ئاراستە كردووە ‌و رێنماییان پێداوە ‌و بەرهەمی نوێیان هەبووە.

شارەزایانی بواری یاسایی وڵاتی ژاپۆن رایان وایە لەو بارەیەوە نەرمی بنوێنرێ ‌‌و رێگە بەوە بدرێ‌ كە سوود لە داتا ئەمباركراوەكان  بۆ مەبەستی راهێنان وەربگیرێت، بە مەرجێك راستەخۆ بۆ مەبەستی بازرگانی بەكارنەهێنرێن.
زیرەكیی دەستكرد سوود لە ملیۆنان بەرهەمی ئەمباركراوی مرۆڤ وەردەگرێت، كە مافی خاوەندارێتیان پارێزراوە. ئایا گەڕانی زیرەكیی دەستكرد بە دوای ئەو بەرهەمانە ‌و سوود لێوەرگرتنیان، بە پێشێلكردنی مافی كەسانی دیكە دادەنرێت؟ كێ‌ بەرپرسیار دەبێ‌؟ ئەو بەكارهێنەرەی داوای ئەو بابەتەی كردووە، یان كۆمپانیا، یان خودی زیرەكیی دەستكرد؟ یاخود كەس بەرپرسیار نابێ‌، لەبەرئەوەی زیرەكیی دەستكرد ئامێرە وەك كامێرا‌و ئامێری چاپ؟!

دید‌ و تێڕوانین سەبارەت بە پرسی خاوەندارێتیی فیكریی، بەرهەمە نوێیەكانی زیرەكیی دەستكرد هەر چۆنێك بێت، دەبێ‌ شارەزایانی بواری یاسا‌ و دامەزراوە تەشریعییەكان یاسای نوێ‌ دەربكەن كە لەگەڵ گیانی ئەم سەردەمە بگونجێ‌‌ و  كێشەكانی ئەو بوارە چارەسەر بكەن.

دەبێ‌ یاسا نوێیەكان جیاوازیی لە نێوان  بەرهەمی رەسەنی مرۆڤ‌ و بەرهەمی دەستكرددا بكەن ‌و مافی خاوەندارێتی فیكریی بپارێزن، بۆ ئەو مەبەستە پێویستە:

یەکەم: كۆمپانیاكان ناچار بكرێن سەرچاوەی داتاكانی راهێنان ئاشكرا بكەن.
دووەم: دانانی میكانیزمی مۆڵەتی نوێ‌ بە شێوەیەك كە رێگە بە بەكارهێنانی داتاكان بدات‌ و خاوەن مافەكان قەرەبوو بكاتەوە.
سێیەم:  دانانی یاسای نوێ‌ بۆ پاراستنی مافەكانی داهێنەران ‌و نووسەران ‌و هونەرمەندان.
دووەم: مافەكانی پرۆگرامساز‌ و بەكارهێنەر لە رووی خاوەندارێتیی فیكریی بپارێزرێت.
پێنجەم:  ناو و ناوبانگی مرۆڤە داهێنەرەكان لە شێواندانی ئامێرەكانی زیرەكیی دەستكرد بپارێزرێت.

ئێستا زیرەكیی دەستكرد ئالەنگارییەكی نوێی جیهانی تەكنەلۆژیای زانیارییە، لەهەموو بوارەكاندا كاردەكات‌ و خاوەنی بەرهەم ‌و داهێنانی نوێیە‌ و زۆر دامودەزگای جیاواز سوودی لێوەردەگرن ‌و لێی بەهرەمەند بوون، دەبێ‌ لەبەر رۆشنایی یاسای نوێی سەردەمدا كارەكانی زیرەكیی دەستكرد رێك بخرێت بە شێوەیەك كە هانی داهێنانی نوێ ‌‌و  پاراستنی مافەكانی دانەران بدات، بۆ ئەوەی كێشە‌ و گرفتی یاسایی لێنەكەوێتەوە ‌و لەگەڵ سەردەمی نوێدا گونجاو بێت ‌و رێ‌ بكات.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە