هەواڵگریی پۆلیسی فیدراڵی عێراق ڕایگەیاند، لەبەغدا دەستیان بەسەر ئۆتۆمبێلێکدا گرتووە کە ژمارەیەکی زۆر کارتی دەنگدانی تیادابووە.
لە ڕاگەیەندراوێکی هەواڵگریی و لێکۆڵینەوەی فیدراڵی عێراقدا هاتووە، مەفرەزەکانی دەزگای هەواڵگری و لێکۆڵینەوەی فیدراڵی لە بەغدا دەستیان بەسەر ئۆتۆمبێلێکدا گرتووە کە ژمارەیەکی زۆر کارتی دەنگدانی هەڵبژاردنی تیایدابووە و تۆمەتبارەکانیش دەستگیر کراون.
ئاماژە بەوەشکراوە، لە کاتی لێکۆڵینەوەدا تۆمەتباران دانیان بەوەدا ناوە مەبەستیان بووە بە نایاسایی ئەو کارتانە بەکار بهێنن.
لەلایەکی دیکەوە ئاسایشی نیشتمانی لە پارێزگای بەسرە، پۆلیسێکیان لەبەردەم بنکەیەکی دەنگدان بە بڕێک پارە و کارتی بانگەشەی یەکێک لە کاندیدەکان، دەستگیر کرد کە هەوڵی کڕینی دەنگدەرانی دەدا. هەروەها لە بەغدا و ئەنباریش ژمارەیەک کەس بەتۆمەتی کڕینی دەنگی دەنگدەران دەستگیران.
دوێنێ یەکشەممە 9ی تشرینی دووەمی 2025، کاتژمێر 7:00 بەرەبەیان دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەستیپێکرد و هێزە جیاوازەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان ڕوویان لە بنکەکانی دەنگدان کرد بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەکە.
هاوکات بڕیارە سبەینێ سێشەممە 11ـی تشرینی دووەمی 2025، دەنگدانی گشتیی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت، لەم هەڵبژاردنەدا 20 ملیۆن و 404 هەزار و 291 کەس مافی دەنگدانیان هەیە و لە 8 هەزار و 703 بنکە و 39 هەزار و 285 وێستگە دەنگ دەدەن، هاوکات زیاتر لە 7 هەزار و 743 کاندید کێبڕکێ لەسەر بەدەستهێنانی 329 کورسیی پەرلەمانی عێراق دەکەن.
