بەپێی بەیاننامەیەکی سەرۆکایەتی کۆمار کە ئاژانسی هەواڵی عێراقی بڵاوی کردووەتەوە، عەبدوللەتیف جەمال ڕەشید، سەرۆکی عێراق، هاووڵاتیانی عێراقی بۆ “بەشداریکردنی کارا” لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان بانگهێشتکردووە، کە بڕیارە لە 11ی تشرینی دووەمی ئەم مانگەدا بەڕێوەبچێت، دووپاتیشی کردەوە کە “ئەوە ڕێگەی چارەسەرکردنی لایەنە نەرێنییەکانە”.
عەبدوللەتیف جەمال ڕەشید، سەرۆکی عێراق، وتی: “گەل و وڵاتەکەمان ئەمڕۆ لەبەردەم مافێکی نیشتمانی گەورە و قۆناغێکی نوێ و گرنگدان بەرەو چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیری و گەشەپێدانە، لە ڕێگەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی یاسادانانەوە، ئەمەش دووپاتکردنەوەیە لەسەر پابەندبوون بە بنەمای گواستنەوەی ئاشتیانەی دەسەڵات بەپێی ڕێکارە دەستووری و دیموکراتییەکان و لە ڕێگەی سندوقەکانی دەنگدانەوە.”
وتیشی؛”لەم سۆنگەیەوە، بانگەواز لە دەنگدەرانی عێراقی و هێزە ئەمنییەکان بەهەموو پێکهاتەکانیانەوە دەکەین، بۆ بەشداریکردنی کارا لە هەڵبژاردنەکاندا، بۆ هەڵبژاردنی نوێنەرەکانیان لە ئەنجومەنی نوێنەراندا، بە شێوەیەک کە یارمەتیدەر بێت لە بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە وڵاتدا.”
ڕاشیگەیاند: “بەشداریکردنی بەرفراوان و کارا تاکە ڕێگەیە بۆ چارەسەرکردنی لایەنە نەرێنییەکان و پەرەپێدانی سیستمی سیاسییمان، تاوەکو دەگەینە پێکهێنانی حکومەتێکی فیدراڵی نوێ و بەهێز و لێهاتوو کە هیوا و ئاواتەکانی هاووڵاتیان تیایدا ڕەنگ بداتەوە.”
لە هەڵبژاردنەکاندا 7 هەزار و 768 کاندید کێبڕکێ دەکەن، لەوانە 5 هەزار و 520 پیاو و 2 هەزار و 248 ژن، لەکاتێکدا نزیکەی 21 ملیۆن دەنگدەر مافی خۆیانە دەنگ بدەن بۆ هەڵبژاردنی 329 ئەندام لە ئەنجومەنی نوێنەراندا، کە ئەرکی هەڵبژاردنی سەرۆکی کۆمار و متمانەدان بە حکومەتی لەسەرە.
