سەركردەی ڕەوتی نیشتمانیی شیعە، موقتەدا سەدر، جارێکی دیکە پێداگری خۆی لەسەر بایکۆتی هەڵبژاردن دووپاتکردەوە و بەشداری پڕۆسەی سیاسی لە عێراق ناکات.
سەدر ڕایگەیاند، “نابێت تاقیکراوەکان تاقی بکرێنەوە، چونکە ئەوانەی تاقیکراونەتەوە، گەندەڵ بوون”.
موقتەدا سەدر لە ھەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی “ئێکس” نووسیوویەتی: “ئێمە نموونەیەکی باشمان تێدایە لە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و نادادپەروەریی”.
ڕاشیگەیاندووە: “ئەمڕۆ ھەندێک لەوانەی بانگەوازی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵکاران دەکەن کەچی خۆیان گەندەڵن و (نابێت تاقیکراوەکان تاقی بکرێنەوە)، چونکە ئەوانەی تاقیکراونەتەوە گەندەڵ بوون”.
ھەروەھا نووسیوویەتی: “ئێمە لەگەڵ چاکەکاران شەڕ لەگەڵ گەندەڵکاران دەکەین و ھەڵبژاردنی تاقیکراوەکان مانای چەسپاندنی ھەژموونی گەندەڵکارانە و ھەمووتان بەرپرسیارن لە ڕزگارکردنی عێراق بە ھێزە ئەمنییەکانیشەوە”.
