کەشناسی هەرێم ڕایگەیاند، ئەمڕۆ ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت، پلەکانی گەرماش کەمێک بەرزدەبنەوە، کەشناسێکی کوردیش زانیاری لە بارەی کاتی دەستپێکردنی بارانبارین ئاشکرا دەکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێم بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت، پلەکانی گەرما کەمێک بەرز دەبێتەوە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ.
دەشڵێت، سبەینێ دووشەممە، ئاسمان ساماڵ بۆ پەڵەهەور دەبێت، پلەکانی گەرما نزیک دەبێتەوە لە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ.
هاوکات سیروان ساڵح، شارەزا لە بواری کەشناسی بڵاویکردەوە: کەشێکی وشک و بێ باران وڵاتانی ئێران و عێراق و سوریاو تەواوی وڵاتانی خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاستی گرتوەتەوە هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ بەردەوامی دیاردەی لانینا لە ناوەڕاستی زەریای هێمن و چالاک نەبوونی بای پێچەوانەی خۆرئاواو چالاک نەبوونی دەریای ناوەڕاست و دەریای سوور بەشێوەیەک زیاتر لە 20 ساڵە بەم شێوەیە نەبووە تا ئەم کاتەی ساڵ هیچ شەپۆلێک ناوچەکەی نەگرتوەتەوە تەنانەت نیمچە دورگەی عەرەبیش، لە نیوەی ئەم مانگەوە ئەگەر هەیە قۆناغ قۆناغ شەپۆلەکانی بارانبارین دەستپێبکەن سەرەتا لاواز و دواتر ئەگەرهەیە لە هەفتەی کۆتایی ئەم مانگە فراوانترببن، بەڵام هێشتا ناگەنە ئاستی نۆرماڵ و ئاسایی.
باسی لەوەشکردووە: بەپێی نوێترین زانیاری لە ئێستادا لە زەریای ئەتڵەسییەوە شەپۆلەکان فراوانتربون کە ئەم زەریایه بنەڕەتی دروستبوونی شەپۆلەکانی دەریای ناوەڕاستە بەوەی شێی زەریای ئەتڵەسی هۆکاری سەرەکی شەپۆلەکانی ئەوروپاو پاشان دەریای ناوەڕاستە.
دەشڵێت: بەکورتی ئەگەر هەیە بەدوو قۆناغ دۆخی کەشوهەوای ناوچەکەمان لەم وشکییە ڕزگاری ببێت، قۆناغی یەکەم لە نیوەی ئەم مانگەوە تا هەفتەی یەکەمی مانگ 12 دەخایەنێت شەپۆلەکانی بارانبارین بە لاوازی دەستپێدەکەن. قۆناغی دووەمیش لە نیوەی دووەمی مانگی 12 دۆخی بارانبارین ئاسایی دەبێتەوەو تا وەرزی بەهار شەپۆلەکان بەشێوەی ئاسایی خۆیان بەردەوام دەبن و ساڵێکی زۆرباش دەبێت لەڕووی بڕی بارانبارین لە هەموو ناوچەکان.
ئەوەشی وەبیرهێناوەتەوە، ئەگەری دواکەوتنی بارانی پەڵە بۆ مانگی 12 ئاساییەو بەپێی داتاکانی ساڵانی ڕابردوو زۆربەی ساڵە باشەکان بارانی پەڵە کەوتوەتە مانگی 12 و ساڵانێکی بێ کێشەبوون بۆ کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکان.
دواجار جەختی لەوەشکردووەتەوە، کە هەموو نیشانەو گۆڕانکاریەکان دەریدەخەن ئەمساڵ لەڕووی دابارینەوە یەکێکە لە ساڵە نۆرماڵ و باشەکان و هیچ مەترسییەکی وشکەساڵی بەدی ناکرێت، هەرچەندە بارانی پەڵە دوابکەوێت.
بەرزترین پلەکانی گەرمای ئەمڕۆی شارەکانی هەرێم:
هەولێر : 30 پلەی سیلیزی
سلێمانی : 29 پلەی سیلیزی
دهۆک : 29 پلەی سیلیزی
زاخۆ : 30 پلەی سیلیزی
کەرکوک : 32 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە : 28 پلەی سیلیزی
سۆران : 27 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران : 21 پلەی سیلیزی
گەرمیان : 33 پلەی سیلیزی
