وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند، ئەمریکا و عێراق بە ئامادەبوونی سەرۆکی ئەرکانی ئەو وەزارەتە دانوستانەکانیان دەست پێکردووەتەوە، هاوکات ئاماژەی بەوەشداوە، پێشمەرگە لە ڕێککەوتنی ستراتیژیی نێوانیان بەشدار دەبێت.
ئەمڕۆ هەینی، وەزارەتی پێشمەرگە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا ئاماژەی داوە، گەڕێکی دیکەی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و عێراق دەستی پێکردووەتەوە. لەم چوارچێوەیەدا، بەرپرسانی باڵای هەر دوو وڵات لە 6ی تشرینی دووەمی 2025 ڕاوێژێکی تەکنیکیان سەبارەت بە داهاتووی پەیوەندییەکانی هەر دوو لا بە بەشداری عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە ئەنجامدا.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا باس لەوەشکراوە، نوێنەرانی هەر دوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق و بەرپرسانی باڵای ئەمنی و سەربازی لە چەند مانگی داهاتوودا لە بەهێزکردنی هاوکارییە ئەمنییە درێژخایەنەکان لە نێوانیاندا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پاڵپشتیکردن، بەرگریکردن و بەرزکردنەوەی توانا و ئامادەیی هێزەکانی ئاسایش و ئەمنی عێراق، بە هێزی پێشمەرگەشەوە بەردەوام دەبن.
باسیشی لەوە کردووە، ئەم هاوکاریانە بۆ بەرەوپێشبردنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان، پاراستنی سەروەری عێراق و تێکشکاندنی تیرۆرە.