وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی شانشینی بەحرەین، کاتی دەستپێکردنی هێڵی دەریایی نێوان شانشینەکە و دەوڵەتی قەتەری ڕاگەیاند، کە ئەمڕۆ ٦/١١/٢٠٢٥ دەچیتەبواری جێبەجێکردنەوە.
ڕۆژنامەی “البلاد”ی بەحرەینی بڵاویکردەوە؛ وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی بەحرەین کاتی دەستپێکردنی هێڵی دەریایی گواستنەوەی سەرنشینانی نێوان شانشینەکە و قەتەری ڕاگەیاندووە، کە بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە بکرێتەوە.
پێشتر شاندێکی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی بەحرەین، بە سەرۆکایەتی محەمەد یوسف مورباتی، بریکاری یاریدەدەری وەزارەت بۆ کاروباری گەشتی دەریایی لە شانشینەکە، لە بیست و دووی مانگی ئەیلولی ڕابردوودا سەردانی بەندەری ڕوویسی لە دەوڵەتی قەتەر کردبوو، ئەمەش لە چوارچێوەی پڕۆژەی بەیەکەوەبەستنەوەی دەریایی نێوان هەردوو وڵاتدا بوو.
تێچووی گەشتی دەریایی نێوان هەردوو وڵات ٢٠ دیناری بەحرەینییە بەرامبەر بە ٢٠٠ ڕیالی قەتەری و ماوەی گەشتەکە نزیکەی یەک کاتژمێر دەبێت، بە مەرجێک گەشتی چوون لە بەندەری خەلیفەی بەحرەینەوە بێت و گەیشتنیش بە بەندەری ڕوویسی قەتەری بێت.
