سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن فەرمانی بە ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایشی وڵاتەکەی کرد کە ئامادەکاریی تەواو بکرێت بە مەبەستی تاقیکردنەوەی ناوەکی.
بە پێی ڕاگەیاندراوێکی کۆشکی کرملین، پوتن سەرۆکایەتی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی وڵاتەکەی کردووە.
لە کۆبوونەوەکەدا، وەزیری بەرگریی ئاندرێ بێلۆسۆڤ، سەرۆکی ئەرکانی سوپا ڤالێری گێراسیمۆڤ، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی دەرەوە (SVR)سێرگێ ناریشکین، سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایش سێرگێ شویگو و بەڕێوەبەری هەواڵگریی فێدڕاڵی ئەلیکساندەر بۆرتنیکۆڤ بەشدار بوون.
لە کۆبوونەوەکەدا پرسی تاقیکردنەوەکانی ناوەکی ئەمریکا قسەی لەسەر کرا. لە وتارێکدا کە سەرۆکی ڕووسیا لە کۆبوونەوەکەدا پێشکەشی بەشداربووانی کرد، ئاماژەی بەوە دا کە وڵاتەکەی پابەندی ڕێککەوتننامەی قەدەغەی بەکارهێنانی چەکی ناوەکییە و جەختی لەوەش کردەوە کە هیچ پلانێکیان نییە بۆ کشانەوە لەو ڕێککەوتننامەیە.
سەرۆکی ڕووسیا وتی “لە وتارێکدا کە لە پەرلەمانی فیدڕاڵ لە ساڵی ٢٠٢٣دا پێشکەشم کرد، ڕامگەیاند کە ئەگەر ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی واژووکەری ڕێککەوتننامەکە، تاقیکردنەوەی ناوەکی ئەنجام بدەن، ئەوە ڕووسیاش پێویستە وەڵام بداتەوە. لەو ئاراستەیەدا فەرمان بە وەزارەتی دەرەوە، وەزارەتی بەرگریی و دەزگا هەواڵگرییەکانی وڵات دەکەم کە زانیاری پێویست کۆ بکەنەوە و شیکردنەوەی پێویستی بۆ بکەن و پێشنیازەکانیان بۆ دەستپێکی تاقیکردنەوەی چەکی ناوەکی پێشکەش بکەن”.
