مەمدانی مێژوو تۆمار دەکات و دەبێتە یەکەم مسوڵمان کە ببێتە سەرۆکی یەکێک لە گەورەترین و کاریگەرترین شارەکانی ئەمریکا، هاوکات ڕکابەرێکی سەرسەختی ترەمپە.
لە گۆڕانکارییەکی سیاسیی بێپێشینەدا کە ئاماژەیە بۆ گۆڕانکاری قووڵ لە گۆڕەپانی سیاسی ئەمریکادا، بردنەوەی زەهران مەمدانی، بەربژێری پارتی دیموکرات، بە پۆستی سەرۆکی شارەوانی شاری نیویۆرک، گەورەترین شاری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کاردانەوەیەکی بەرفراوانی لە ناوەندە سیاسی و ڕاگەیاندنەکانی ئەمریکا و جیهاندا لێکەوتەوە.
مەمدانی ناوی چووە مێژووەوە وەک یەکەم موسوڵمان کە ئەو پۆستە باڵایە وەردەگرێت.
وێستگە سەرەکییەکانی ژیانی زەهران مەمدانی:
ساڵی ١٩٩١ لە شاری کامپالا، پایتەختی ئۆگەندا، لە خێزانێکی بەڕەچەڵەک هیندی لەدایکبووە. و لە کەیپ تاون لە باشووری ئەفریقا گەورە بووە، پاشان لە تەمەنی حەوت ساڵیدا لەگەڵ خێزانەکەی کۆچی کردووە بۆ ئەمریکا و لە ساڵی ٢٠١٨ بووەتە هاووڵاتی ئەمریکی.
باوکی مەحمود مەمدانی، پڕۆفیسۆرە لە زانکۆی کۆڵۆمبیا، و دایکی، میرا نایەر، دەرهێنەرێکی سینەمایی بەناوبانگە، و هاوسەرەکەی، ڕاما دۆجی، هونەرمەندێکی شێوەکاری سوورییە.
چالاکیی سیاسیی مەمدانی لە قۆناغی زانکۆوە دەستی پێکرد و بەشداری لە دامەزراندنی یەکەم لقی بزووتنەوەی “خوێندکاران بۆ دادپەروەری لە فەلەستین” لە زانکۆکەی کرد، و لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ خۆپاڵاوتنی بۆ سەرۆکی شارەوانی نیویۆرک ڕاگەیاند، و پشتیوانییەکی گەورەی لە سەرکردەکانی پارتی دیموکرات و دەنگدەرانی گەنج و موسوڵمان و چینی ناوەڕاست بەدەستهێنا.
مەمدانی بە هەڵوێستە بوێرەکانی بەرامبەر بە کێشەی فەلەستین ناسراوە. ئەو بە یەکێک لە دیارترین ڕەخنەگرانی سیاسەتەکانی داگیرکەری ئیسرائیل و جەنگەکەی لە غەززە دادەنرێت، و ئەو دۆخەی لەوێ ڕوودەدات بە “قڕکردنی بەکۆمەڵ” وەسف دەکات.
