spot_imgspot_img

بەرپرسێکی عێراقی لە تاران دەستگیرکرا

 بەهۆی هەبوونی بڕێکی زۆر پارە لای، بەڕێوەبەری کۆمپانیایەکی گەشتیاری عێراقی، لە فڕۆکەخانەی تاران دەستگیر کرا.

ئاژانسەکانی ڕاگەیاندنی ئێران، ئەمڕۆ چوارشەممە (5ی تشرینی دووەمی 2025)، ڕایانگەیاند کە دەزگای ئەمنی لە فڕۆکەخانەی خومەینی، ڕێگری لە بەڕێوەبەری کۆمپانیایەکی عێراقی کردووە بۆ ئەوەی تاران جێبهێڵێت بەهۆی بوونی شایستە داراییەکانی ڕێکخراوی حەجی ئێران.

بەڕێوەبەری یەکێک لە کۆمپانیاکانی گەشتیاری و خزمەتگوزاری عێراقی، کە بۆ بەدواداچوونی شایستە داراییەکانی لە ڕێکخراوی حەج و زیارەتی ئێران هاتبووە تاران، لەکاتی جێهێشتنی وڵات لە فڕۆکەخانەی خومەینی تووشی کێشە بووە، و نەیتوانیوە بگەڕێتەوە بەغدا.”

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ئاژانسی ئانای ئێرانی ڕاگەیاند، “بەڕێوەبەرە عێراقییەکە لە دەروازەی چوونەدەرەوەی فڕۆکەخانە دەستگیرکرا، بەهۆی هەبوونی بڕێکی زۆری دیناری عێراقی لای، سەرەڕای ئەوەی کە لە دوای وەرگرتنی شایستەکانی لە ڕێکخراوی حەجی ئێران، لە ڕێگادا بوو بۆ وڵاتەکەی.”

یەکێک لە نزیکەکانی بەڕێوەبەرە عێراقییەکە، بەپێی ئاژانسەکە، وتی، ئەو پارەیە پەیوەندی بە گرێبەستی خزمەتگوزاری زیارەتکارانی ئێران لە عێراقەوە هەیە، و ڕێکخراوی حەجی ئێران پارەکەی داوە و نامەیەکی فەرمی دەرکردووە، بەڵام کارمەندانی فڕۆکەخانە داوای ڕوونکردنەوەیان لەسەر سەرچاوەی پارەکە و مۆڵەتی دەرچوونی کردووە.

بەپێی یاسا ئێرانییەکان، ڕێگە بە دەرچوونی پارەی کاش لە سەرووی بڕی دیاریکراوەوە نادرێت مەگەر بە مۆڵەتی فەرمی لە بانکی ناوەندی. بەڵام بەهۆی نەبوونی ڕێڕەوی بانکی ڕاستەوخۆ لە نێوان هەردوو وڵات، زۆربەی شایستە داراییەکانی کۆمپانیا عێراقییەکان لەلایەن ڕێکخراوی حەجی ئێرانەوە بە شێوەی کاش لەناو ئێران دەدرێت، کە ئەمەش پێشتر بووەتە هۆی کێشەی هاوشێوە.

ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرانی نووسینگە عێراقییەکان کە لە بواری زیارەتی شوێنە پیرۆزەکاندا کار دەکەن، جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە ناچارن گەشت بۆ ئێران بکەن بۆ وەرگرتنی شایستەکانیان بە شێوەی کاش بەهۆی نەبوونی میکانیزمێکی بانکی ڕوون، کە ئەگەری مەترسی و لێکتێگەیشتنی یاسایی زیاد دەکات.

لە ئێستادا لێکۆڵینەوە لەسەر دۆسیەی ئەو بڕە پارە دەستبەسەرکراوە بەردەوامە، و بەڕێوەبەرە عێراقییەکە لە تاران دەمێنێتەوە بۆ پێشکەشکردنی ئەو ڕوونکردنەوانەی کە لایەنە فەرمییەکان داوایان کردووە.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە