لەتیف فاتیح فەرەج
نوێنەرایەتیکردن لە کەرکووک و ناوچە دابڕێنراوەکان، ئەرکێکی قورس و بەرپرسیارێتییەکی ئاکارییە، بەوجۆرەی کە نوێنەر وێڕای داکۆکی لە کێشە و ئاریشەی پێکهاتە و دەنگدەرانی پێکهاتەکەی خۆی، دەبێت زمانی پێکەوەژیانی ئاشتیانە و بەیەکەوەهەڵکردن بکاتە چەکی بەگژداچوونەوەی تێکدانی پەیوەندیی و پەرەپێدانی گیانی نەتەوەگەریی کوێرانە، پێویستە دەنگدەر بەتایبەت دەنگدەری کورد، زۆر بە وریاییەوە بزانێت کێ و بۆ دەنێرێتە پەرلەمان، لەبەرئەوەی هەر نوێنەرێک لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندن و توانای کارایی لە ئیشکردندا دانەنرێت، ناتوانێ بەو ئەرکە هەستێت کە لە ئەستۆیەتی، هەستیاری ئەو ناوچانە و دەستوەردانی دەرەکی و نەزانی هەندێک لایەن لە دیاریکردنی نوێنەری ئاوەزمەند، بەردەوام ئەو شوێنانە لەبەردەم ترسێکی راستیدا وێنەنما دەکات.
نوێنەرایەتیکردن لەو شوێنانە، خۆبارکردن نییە لە بەڵێنی قورس و قەبە، دۆزینەوەی رێگەیە بۆ راستکردنەوەی ئەو هەڵە و پەڵانەی دیرۆک و گەڕانەوەیە بۆ دەستوور، با سەرنج و رەخنەش لەو دەستوورە هەبێت و کێماسی تێدا بێت، گرنگ ئەوەیە، ئەوەی لە دەستووردا بۆ چارەسەری کێشە و گێڕانەوەی دادگەری هاتووە، جێبەجێ بکرێت، داکۆکی لە کەرکووک و شەڕی قانون بۆ ئەوەی مافخوراو مافی خۆی وەربگرێتەوە و ئەو تاریکییە بڕەوێتەوە، هەر بەوە دەبێت نوێنەری باش و بگۆ و بکار بنێردرێتە پەرلەمان و دوای چوار ساڵی کارکردنەکەی هەق و حسابی ئەوەی لەگەڵ نەکرێت، کە بۆچی دووجار دوو قسەی حسابی نەکرد، ئەمە پێویستی بەو کەسانەیە کە لە هەمووان زیاتر ئاگاداری درز و دەر و زام و برینی کەرکووکن.
پەرلەمانتاری و نوێنەرایەتیکردن هەڕەشە و خۆبادان و سووتاندن نییە، وەک ئەوەی هەندێک لە ئێستاوە وا قسە دەکەن، هەر بچنە ئەوێ دار و بەرد دەسووتێنن، هەشە لە ئێستاوە دەیەوێت رۆڵی باوک ببینێت، لە کاتێکدا نوێنەرایەتیکردن نە باوکایەتییە نە زڕباوکایەتی، نوێنەرایەتیکردن خزمەتکارییە، کەس داوای ئەوەت لێناکات بڕۆی شەڕی دەرەوەی یاسا و دەستوور بکەیت، خەڵک خواسی ئەوەیان هەیە، کە سبەینێیان وەک ئەمڕۆ نەبێت، ئەوە ئەرکی ئەوانەیە دەبنە نوێنەر کار بۆ داهاتوویەکی باش بکەن بۆ خەڵک، بیست و دوو ساڵ تێپەڕیوە بەسەر کەوتنی بتەکەی سەدامدا، لەو بیست و دوو ساڵەدا دەبوو لەڕووی هەڵوەشاندنەوەی عەرەباندن و تاراندنەوە زۆر کار بکرایە، نەکردنی هەر کارێک لەو ناوچانە، هێندەی ئەوانیتر لەمپەر بوونە، کورد خۆیشی لەمپەری بەردەم جێبەجێکردن بووە، ئاوڕدانەوە لە دۆخی کەرکووک، ئەو رێگرییانەی دەخرێنە بەردەم گەشەکردنی پێمان دەڵێن، هەن لەبری بە تەنگەوەهاتنی، تۆڵەی لێدەکەنەوە، لە راستیدا کارە هەرە خراپەکە ئەوەیە.
لەبەرانبەر ئەوەی، کە نوێنەر دەبێت بە ئەرکی خۆی هەستێت، خەڵک لە کەرکووک و ناوچە دابڕێنراوەکان، ئەوەی لەسەر شانێتی دەیکات، جوامێر ئەوەیە رێز لەو جۆش و خرۆشەی خەڵک بگرێت.
