بە ئامادەبوونی د. لەتیف ڕەشید، سەرۆک کۆماری عێراق و زیاتر لە ٢٠ سەرکردە و سەرۆک وەزیرانی وڵاتان و نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی ھەرێمیی و نێودەوڵەتیی، دووەمین لوتکەی جیھانیی بۆ گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی لە دەوحە دەستیپێکرد.
ئەمڕۆ سێشەممە لە دەوحە پایتەختی قەتەر، دووەمین لوتکەی جیھانیی بۆ گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی دەستیپێکرد.
ئاژانسی ھەواڵیی فەرمی قەتەر بڵاوی کردەوە کە بە ئامادەبوونی میری قەتەر، تەمیم بن حەمەد ئال سانی و ٢٤ سەرکردە و سەرۆک وەزیرانی وڵاتان و نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی ھەرێمیی و نێودەوڵەتیی، دووەمین لوتکەی جیھانیی بۆ گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی لە دەوحە دەستیپێکردووە.
ڕاشیگەیاندە، ئامانج لە ئەنجامدانی لوتکەکە کە نوێکردنەوەی پابەندبوونی نێودەوڵەتییە بۆ بەدیھێنانی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، نەھێشتنی ھەژاری و پەرەپێدان بە دەرفەتی کار، ئەوەیش وەک بەشێک لە ھەوڵەکان بۆ جێبەجێکردنی ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوامی نەتەوە یەکگرتووەکان.
لە کۆبوونەوە لوتکەكەدا، د. لەتیف ڕەشید، سەرۆک کۆماری عێراق بەشدارە کە بۆ سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت.
لە لوتکەکەدا، زنجیرەیەک کۆڕ و کۆبوونەوە لە ئاستی باڵا ئەنجام دەدرێن کە گرنگترینان “ھاوپەیمانی جیھانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی برسێتی و ھەژاری”، “کۆڕبەندی کەرتی تایبەت” و “کۆڕبەندی کۆمەڵگای مەدەنی”، ھەروەھا لە میانی لوتکەکەدا سیمینارێک بە ناونیشانی “مافەکانی مرۆڤ لە دڵی گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی” کە لەلایەن کۆمیتەی نیشتمانی مافەکانی مرۆڤی قەتەرەوە رێکخراوە بەڕێوەدەچێت.
