spot_imgspot_img

بۆ قەدەغەی هاتووچۆی ڕۆژی دەنگدان بڕیار درا

سەرۆكی لیژنەی باڵای ئەمنی هەڵبژاردنەكانی عێراق ڕایگەگەیەنێت، هیچ قەدەغەیەكی گشتیی هاتووچۆ، یان داخرانی ڕێگەوبان لە ڕۆژی دەنگداندا ناسەپێنرێت، تەنیا لەو حاڵەتانەدا نەبێت كە پێویستی ئەمنیی زۆر هەبێت.

فەریق‌ ڕوكن قەیس محەمەداوی، سەرۆكی لیژنەی باڵای ئەمنی هەڵبژاردنەكان و جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: ٩٥%ی كەرەستەكانی هەڵبژاردن گوازراونەتەوە و ئەوەی دیكەی ماوەتەوە، ڕۆژی بەر لە هەڵبژاردن دەگوازرێنەوە.

وتیشی، “ڕۆژی شەشی مانگ، خوێندنگەكان وەك بنكەی دەنگدان لەلایەن كۆمسیۆنەوە وەردەگیرێن و هیچ قەدەغەیەكی هاتووچۆش لە نێوان پارێزگاكان و دەروازە سنوورییەكاندا، بوونی نابێت”.

ئاماژەشی كرد، كە هەندێك لە هێزە هاوبەشەكان ئەركی پاراستنی ئەو ناوەندە تێكەڵاوانە لە ئەستۆ دەگرن، كە دەكەونە ناوچە جێناكۆكەكانی نێوان پارێزگاكانی دیالە، كەركووك و موسڵ، لەگەڵ پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان.

محەمەداوی وتی: بۆ دڵنیابوون لە ئەمنییەت و شەفافییەت، سێ بازنەی ئەمنی لە دەوری هەر سەنتەرێكی دەنگدان دروست دەكرێت و ڕێگە نادرێت ئەو هێزانە بچنە ناوەندەكانی دەنگدان.

سەرۆكی لیژنەی باڵای ئەمنی ڕوونیشی كردەوە: بۆ زیاتركردنی متمانە، پڕۆسەی ژماردن و جیاكردنەوە بە شێوەی دەستی دەبێت و سێ كامێرای چاودێری لە هەر وێستگەیەكدا دادەنرێن.

 

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە