بە مەبەستی ئامادەكارییەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق هەفتەیەك لە سەرتاسەری عێراق لە هەرێمی كوردستانەوە دەكرێت بە پشووی فەرمی بۆ ناوەندەكانی خوێندن و بڕیارە دوو ڕۆژژیش بۆ فەرمانبەران ببكرێتە پشوو.
بڕیارە لە هەفتەی داهاتوودا ڕۆژی 11ـی11ـی 2025 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە بچێت، كۆمسیۆنیش ڕای دەگەیەنێت، لە 5ی مانگ دەست بە وەرگرتنی خوێندنگەكان دەكەن، لە هەرێمی كوردستانیش لە ڕۆژی 6ی مانگ خوێندنگەكان ڕادەستی كۆمسیۆن دەكرێن.
د. ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێم بۆ ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاند، ڕۆژی پێنج شەممە 6-11-2025 خوێندنگەكان ڕادەستی کومیسۆن دەکەین و 12 مانگ دەوام دەسپێدەکاتەوە.
ڕاشیگەیاند، ڕۆژی پێنج شەممە 6ی ئەم مانگە پشووە، بەڵام ڕۆژی چوار شەممەی 12ی مانگ داهاتوو، واتە ڕۆژی دوای دەنگدان دەوام دەكرێتەوە و وانەی یەكەم و دووەم ئەگەر خوێندنگەكان پێویستی بە ڕێكخستنەوە كرد وانە ناخوێندرێت و دواتر وانەكانی دیكە دەخوێنرێن.
لای خۆشیەوە، جومانە غەلای، وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ڕایگەیاند، لە ڕۆژی 5ی تشرینی دووەم دەست دەكەین بە وەرگرتنی خوێندنگەكان و دەوامی خوێندنگەكان دەكەونە پشووەوە تاكو 13ی مانگ.
بەپێی بڕیارەكەی كۆمسیۆن لە ڕۆژی پێنج شەممە دەوام لە ناوەندەكانی خوێندن لە عێراق دەكرێتە پشوو تاكو ڕۆژی پێنج شەممەی دواتر 13ی مانگ و بەوەش ڕۆژی چوار شەممەی دوای دەنگدان دەوام نابێت.
لە ڕۆژی 11ی 11 كە ڕۆژی سێ شەممەیە و دەنگدانە لە تەواوی عێراق و هەرێم پشووی فەرمی دەبێت بۆ فەرمانبەران و بڕیارە ڕۆژی دوای دەنگدانیش (چوار شەممە) بكرێتە پشوو بەهۆی ئەوەی بە دەیان هەزار فەرمانبەر و مامۆستا وەك چاودێر لەسەر سندوقەكانی دەنگدان دەوام دەكەن و تاكو بەرەبەیان دەمێننەوە، بەڵام هێشتا حكومەتی عێراق و هەرێم بڕیاری كۆتاییان بۆ ئەو ڕۆژە پشووە ڕانەگەیاندووە.
