سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لەسەر مووچە و گرەنتی سەرجەم مووچەکان زانیاری ئاشکرا دەکات و دەڵێت” حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تەواوی پابەندە بە ڕێککەوتنەکەی بەغدا، چاوەڕوانی جێبەجێکردنی ئەرکی بەغدایە”.
فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، بە ماڵپەڕی پارتی ڕایگەیاندووە، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تەواوی پابەندی ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بووە و هەموو داواکاری و ئەرکەکانی لە ئەستۆی بووە جێبەجێ کردووە، تەنیا ماوە بەغدا بە ئەرکی خۆی هەستێت.
ئاماژەی بەوەشداوە، حکومەتی هەرێم پابەندییەکانی جێبەجێکردووە، لە ڕادەستکردنی نەوت و داهاتی نانەوتی مانگانەیش ڕادەست دەکات، هەروەها “هەژماری من” تەواو بووە، بەمەش ئەرکەکانی خۆی بە جێ گەیاندووە.
سەرۆکی نوێنەرایەتییەکە ڕەخنەی گرت لەوەی کە “مامەڵەیەکی سیاسی” لەگەڵ خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکرێت و هێشتا وەک هاووڵاتییەکی عێراقی تەماشای خەڵکی کوردستان ناکرێت، بۆیە پرسی مووچە بووەتە کێشە.
جەەختیشیکردەوە، کە پێویستە یاسای بودجەی عێراق هەموو خەڵکی عێراق، لە نێویاندا خەڵکی هەرێمی کوردستان، بە درێژایی ساڵ سوودی لێ وەربگرن.
فارس عیسا داوای کرد چیتر مووچە نەکرێتە گرفت و مانگانە بەبێ دروستکردنی کێشە ڕەوانە بکرێت، سەرەڕای بوونی “ناکۆکییەک” لەسەر داهاتی نانەوتی، کە بڕیارە بگەنە ڕێککەوتن لەسەری.
ئەوەشی ئاشکراکرد، کە نوێنەرایەتییەکە خۆیان بۆ گفتوگۆکانی بودجەی ساڵی داهاتوو ئامادە دەکەن، داواشی لە حکومەتی عێراق کرد کە مافی خەڵکی هەرێمی کوردستان نەفەوتێنێت، بە تایبەت کە سەرقاڵی هەڵبژاردنن و تا ئێستا پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی داهاتوویان ئامادە نەکردووە.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی عێراق بە مووچەی خانەنشینان دەستی بە دابەشكردنی مووچەی مانگی 11 كرد، بەڵام هتێشتا هیچ بڕیارێك بۆ خەرج كردنی مووچەی مانگەكانی (9 و 10 و 11)ی هەرێم نەدراوە.
