spot_imgspot_img

نێچیرڤان بارزانی: ناوچەی سەوز و زەرد نییە هەمووی كوردستانیە

 

نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆكی پارتی ڕایدەگەیەنێت، قه‌رزاری سلێمانین، كاتی ئه‌وه‌یه‌ قه‌رز و منه‌تی سلێمانی بده‌ینه‌وه و دەشڵێت: مووچە و بودجە منەت نییە و مافی ڕەوای خەڵكە و دەبێت كێشەی بۆ دروست نەكرێت.

نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆكی پارتی لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی حزبەكەیدا لە سلێمانی ڕایگەیاند، پارتی سلێمانییە، سلێمانیش هەر پارتییە و لەم ناوچەیە نوێنەرایەتی پارتی كەمە، بەڵام بەرنامەی پارتی بۆ ئەم ناوچەیە گەورەیە.

ڕاشیگەیاند، پارتی بە بێ ئەم ناوچەیە ناتەواوە.. كەموكوڕییەكانی هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە خەمێكی گەورەن بۆ پارتی و ئێمە وەكو ناوچەی دەسەڵاتی سیاسی تەماشای ئەم دەڤەرە ناكەین، پارتی حزبی سەراسەری كوردستانە، پارتی ناوچەگەرێتی لەبیركردووە چونكە ئێمە وتومانە شتێك نیە بەناوی ناوچەی سەوز و زەرد، بەڵكو هەمووی ناوچەی كوردستانیە.

ئاماژەی بەوەشكرد، سلێمانی دەبێت پەرلەمانتارانی كوردستانپارێز بنێرێت بۆ بەغدا و دژایەتی زۆر بە پلان بەرامبەر بە پارتی كراوە، بەڵام پارتی بە قسە نا، بە خەباتی كوردستانبوونی خۆی و كار و ئاوەدانی وەڵام دەداتەوە.

نێچیرڤان بارزانی دەشڵێت: مێژووی بنەماڵەی بارزان لە پەیوەندی لەگەڵ سلێمانی زۆر لە پارتیش كۆنترە و پارتی ڕۆژ بە ڕۆژ لە سلێمانی زیاتر خۆشەویستتر دەبێت.

جێگری سەرۆكی پارتی داوا لە گەنجان دەكات، “كۆچی نایاسایی نەكەن بۆ ئەوروپا چونكە یاساكانی پەنابەران گۆڕاون و نەكەن لەڕێگەی لیبیاوە كۆچ بكەن، كەسوكارتان پارە و ماندوویەتییەكی زۆرتان تێدا خەرج دەكەن و هەوڵ بدەن بخوێنن و كاربكەن، چونكە هیچ وڵاتێك هێندەی كوردستان خۆش نییە”.

جەختیشی كردەوە، دەبێت یاساكان لە عێراق بگۆڕێن و بكرێنە دەستووری و فیدڕاڵی بچەسپێت و ئەو دامەزراوانەی تا ئێستا دروست نەكراون بەپێی سیستمی فیدڕاڵی دەبێت دروست بكرێت، بۆیە ئەم قۆناغە نوێیە دەبێت قۆناغی جێبەجێكردنی دەستوور بێت.

وتیشی، “ماف و مووچەی خەڵكی كوردستان منەت نییە، بەڵكو مافیی ڕەوای خەڵكە و دروست كردنی ئەو كێشانە بەهۆی جێبەجێ‌ نەكردنی دەستوورە”.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە