spot_imgspot_img

تورکیا و عێراق لەسەر پرسی ئاو ڕێککەوتن

وەزیرانی دەرەوەی عێراق و تورکیا لە بەغداد کۆبوونەوە و چەندین دۆسیەیان تاوتوێ کرد، لەوانە ئاسایش، ئاو و پڕۆژە ئابوورییەکان، وەزیری دەرەوەی تورکیا جەخت لەوە دەکاتەوە کە کاتی ئاشتییە و پێویستە پەکەکە لە خاکی عێراق و سووریا و ئێران بکشێتەوە.

فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، “تاوتوێى دۆسیەى ئەمنیمان کرد و پشتیوانی لە پرۆسەى ئاشتی دەکەین، هاوکات داوای کرد “ئەنقەرە و پەکەکە بگەنە چارەسەرێکى گونجاو”.

لەلایەن خۆیەوە، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا وتی: “پێویستە پەکەکە لە خاکى عێراق و سووریا بکشێتەوە” و ئاشکرای کرد، “لەبارەى چەکدانانى پەکەکە لەگەڵ بەغداد و هەولێر لە گفتوگۆداین.” فیدان ئاماژەی بەوەشکرد پرۆسەی ئاشتی بۆ کۆتاییهێنانە بە چەکدارانی پەکەکە لە خاکی ئێرانیشدا.

فوئاد حسێن زانیاری زیاتری خستەڕوو و باسی لەوەکرد، “لە ئەنقەرە باسمان لە پرسى ئاو کرد.” لەبەرامبەردا هاکان فیدان دڵنیایی دا کە “ڕێککەوتنەکانمان چارەسەرى پرسى ئاو دەکات”.

وەزیری دەرەوەی تورکیا هەروەها ڕایگەیاند، “کار بۆ جێبەجێکردنى ڕێگەى گەشەپێدان دەکەین،” و بڕیاری دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی بە “زۆر گرنگ” ناوبرد.

فوئاد حسێن ئاشکرای کرد کە “26 یاداشتى لێکتێگەیشتن لەنێوان عێراق و تورکیا واژۆکراوە”، هاکان فیدانیش جەختی کردەوە، “کار لەسەر چارەسەرى کێشەکانى نێوان عێراق و تورکیا دەکەین،” و وتیشی، “پشتیوانییەکانمان بۆ عێراق بێ سنوورە”.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە