بڕیارە ئەمڕۆ بەشێك لە مووچەخۆران مووچەیەك و بەشێكی دیكەش دوو مووچەیان پێ بدرێت، پارەكە سەرووی 48 ملیار دینارە و لە داهاتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان دابین دەكرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، لە رێگەی (هەژماری من) و بانكەكانەوە مووچەی مانگی هەشتی مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دابەش دەکرێت.
هەر ئەمڕۆ مووچە مانگی دوو و مووچەی مانگی هەشت بەیەكەوە بەسەر ئەو فەرمانبەرانە دابەش دەكرێت كە لەدوای 1ی 7ی 2024، بەشێوەی گرێبەست، یان بەشێوەی هەمیشەیی دامەزراون.
سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی بە میدیای پارتی وتووە، “ئەوانەی لەدوای 1ی7ی 2024 دامەزراون، دارایی فیدراڵ پارەیان بۆ تەرخان ناكات، بۆیە پارەكەیان لە داهاتی ناوخۆ دەدرێت كە سەرووی شەش ملیار دینارە”.
ئاماژەی بەوەشدا: “مانگانە لەگەڵ هەر مووچەیەك كە دەدرێتە مووچەخۆرانی دیكە، ئەو فەرمانبەرانەی دوای 1ی7ی 2024، مووچەیەكی پێشووتر و مووچەی نوێ پێیان دەدرێت”.
بەپێی زانیارییەكان، ژمارەی مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی پەروەردە 37 هەزار و 933 مامۆستان و مانگانە 18 ملیار و 600 ملیۆن دیناریان پێویستە، مامۆستایانی گرێبەستی خوێندنی باڵاش ژمارەیان چوار هەزار و 100 مامۆستایە و مانگانە زیاتر لە پێنج ملیار دیناریان پێویستە.
مووچەی مامۆستایانی گرێبەست و دامەزراوەكانی، دوای 1ی 7ی 2024 لەسەر داهاتی ناوخۆ خەرج دەکرێت كە زیاتر لە 48 ملیار دینارە.
