بەبڕی زیاتر لە یەک ملیار و 700 ملیۆن دینار فرۆش لە سێ ڕۆژی ڤیستیڤاڵی هەناری هەڵەبجەدا تۆمار کرا.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵ و گەشتوگوزاری هەڵەبجە، ئاماری سێ ڕۆژی ڤیستیڤاڵی هەناری ڕاگەیاند، کە تیایدا داهاتێکی بەرچاو و ژمارەیەکی زۆری سەردانیکەر تۆمار کراوە.
ستار مەحمود، بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی هەڵەبجە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە ماوەی سێ ڕۆژی ڤیستیڤاڵەکەدا، بڕی یەک ملیار و 700 ملیۆن دینار کاڵا و شمەک فرۆشراون، کە پشکی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان 700 ملیۆن دینار بووە.
بەپێی وتەی ستار مەحمود، لەماوەی سێ ڕۆژی ڤیستیڤاڵەکەدا فرۆشی خواردەمەنی بری 800 ملیۆن دینار بووە، و فرۆشی کاری دەستی 200 ملیۆن دینار (کە بەپێی ئامارەکان فرۆشی کارە دەستییەکان گەیشتووەتە 200 ملیۆن دینار، بەشێک بووە لە کۆی گشتی فرۆشەکە).
لای خۆیەوە، چیا قاسم، بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری هەڵەبجە، ئاماری سەردانیکەران و هاتوچۆی ڕاگەیاند، بەم شێوەیە:
ژمارەی سەردانیکەران: 419 هەزار و 700 سەردانیکەر و گەشتیار لە سێ ڕۆژدا.
هاتوچۆی ئۆتۆمبێل: 831 هەزار ئۆتۆمبێلی بچووک، 720 مینی پاس، 55 پاسی گەورەی گەشتیاری، و چوار هەزار و 900 ماتۆڕ سکێل.
هەلی کار: ڤیستیڤاڵەکە هەلی کاری بۆ زیاتر لە 200 خاوەن کار و گەنجی شارەکە ڕەخساندووە.
