spot_imgspot_img

“خۆڵی سلیکا”ئاڵتونی سپی فەرامۆشکراو لە عێراق

ڕوانگەی ئیکۆ عێراق لە فەرامۆشکردنی جۆرە خۆڵێک ئاگاادار دەکاتەوە و دەڵێت”زێڕی سپی فەرامۆشکراوی ملیارات دۆلاری”.

ڕوانگەی “ئیکۆ عێراق”، ئەمڕۆ شەممە (1ی تشرینی دووەمی 2025)، بڕی ئەو خۆڵی سلیکایەی کە لە پارێزگاکانی ئەنبار و نەجەفی ئەشرەف دۆزراونەتەوە، ڕاگەیاند و بە “زێڕی سپی” وەسفی کرد، لە هەمان کاتدا ڕەخنەی لە پشتگوێخستنی حکومەت گرت لە دەرفەتەکانی وەبەرهێنانی ئەم سامانە سروشتییە.

ڕوانگەکە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند “ژینگەی عێراق پڕە لە سامانە سروشتییەکان کە گرنگییان لە نەوت کەمتر نییە، و یەکێک لە دیارترینیان خۆڵی سلیکایە.”

لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە ئەنبار نزیکەی 600 ملیۆن تەن خۆڵی دۆزراوە و زیاتر لە یەک ملیار تەن یەدەگی تێدایە بە پلەی پاکی دەگاتە 98%.

بڕی خۆڵەکە بە نزیکەی 330 ملیۆن تەن مەزەندە دەکرێت کە گونجاوە بۆ پیشەسازی شووشە، و نزیکەی 577.5 ملیۆن تەن بۆ پیشەسازی شووشەی ڕەنگاوڕەنگ. کۆی گشتی خۆڵی سلیکای دۆزراوەی نەجەف نزیکەی 907.5 ملیۆن تەنە بە پلەی پاکی نزیکەی 95%.

بەیاننامەکە ئاماژەی بەوەدا، کە نرخی یەک تەن خۆڵی سلیکا لە نێوان 100 بۆ 150 دۆلاردایە، کە ئەمەش وا دەکات وەبەرهێنان لەم سەرچاوانەدا بتوانێت ملیارەها دۆلار بۆ بودجەی گشتی دابین بکات، جگە لە دابینکردنی زیاتر لە 10 هەزار دەرفەتی کار لە هەردوو پارێزگاکەدا.

ڕوانگەکە ڕەخنەی لە “لاوازی ڕێکارەکانی حکومەت لە وەبەرهێنان لەم خاوانەدا گرت، سەرەڕای بوونی توانای عێراقی کە دەتوانێت بەڕێوەیان ببات”.

هاوکات داواشی کردووە، کە یاسای وەبەرهێنانی کانزایی ژمارە 91ی ساڵی 1988 هەموار بکرێتەوە، بە جۆرێک کە دەرفەتی زیاتر بڕەخسێنێت بۆ دۆزینەوە و وەبەرهێنان لە سامانە سروشتییەکانی وڵات.

خۆڵی سلیکا لە پیشەسازی شووشە، بەرهەمەکانی سلیکۆن، ماددە بیناسازییەکان، هەروەها لە ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان، خانە خۆرییەکان، و کارەکانی فلتەرکردندا بەکاردێت. قەبارەی بەکارهێنانی خۆڵی سلیکا لە جیهاندا لە ساڵی 2024دا گەیشتە نزیکەی 479 ملیۆن تەن، و بەهایەکەی لە نێوان 14 بۆ 72 ملیار دۆلاردا بووە بەپێی جۆری خۆڵەکە و نرخی بازاڕ.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە