یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە چوارچێوەی ڕێکخستنی کەرنەڤاڵە جەماوەرییەکان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن، ئەمڕۆ لە شاری هەولێر دەستی بە بانگەشەی هەڵبژاردن کرد و بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی وتارێکی پێشکەش کرد و وتی، یەکێتی دەیەوێت ڕێککەوتنێکی هەمیشەیی لەبارەی پرسە گرنگەکان لەگەڵ بەغدا بکات و ڕاشیگەیاند، لە هەولێر باڵەخانە و شەقامی زۆر دروستکراوە بەڵام ئازادی تیادا نییە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە وتارەکەیدا لە هەولێر وتی، “یەکێتی دەیەوێت ڕێککەوتنێکی هەمیشەیی لەبارەی پرسە گرنگەکان لەگەڵ بەغدا بکات و پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا چاکدەکەینەوە”.
جەختیشی كردەوە، لە بەغدا شەڕی مووچەی خەڵك دەكەین و ئەوە یەكێتی بوو توانی لەگەڵ سەرۆك وەزیران ڕێبكەوێ بۆ ناردنی مووچە.
وتیشی، “كار بۆ بووژانەوەی ئابووری و بازاڕ دەكەین و دەمانەوێت هەولێر لە دوکەڵ و پیسی ژینگە پاکبکەینەوە”.
سەرۆکی یەكێتی لەبارەی دۆخی ئازادییەکان لە هەولێر باسی ئەوەیکرد، “لە هەولێر باڵەخانە و شەقامی زۆر دروستکراوە بەڵام ئازادی تیادا نییە” و وتی: بینای بەرز و جادەی پان و هۆڵی جوانمان بۆچیە، كە نەوێرن قسەیەك بكەن و زمانتان ببڕن.
لەبارەی گرانی نرخی کارەبا و سوتەمەنییەوە ڕایگەیاند، بەنزین و كارەبا گرانە ئەزانن بۆ؟ چونكە پاڵێوگە علوجەكان و ئەوانەی هەر دەیانەوێت غەبغەبەكانیان گەورەتربكەن هۆكارن، كە بەهۆی قاچاخچێتی و دزییەوەیە، بۆیە دەنگمان پێ بدەن تا بەنزین و كارەباتان بۆ هەرزان بكەین.
بافڵ تاڵەبانی دەشڵێت: ناچینە حكومەتێكەوە كەرامەتی خەڵك نەپارێزێت و وتيشى، “غەدر لە کەس قبوڵ ناکەین”.
