“نوکیا” خۆی نوێ دەکاتەوە بە ئەلگۆریتمەکانی “ئێنڤیدیا”؛ ئایا سەرکەوتوو دەبێت؟
دوای زیاتر لە سەدە و نیوێک لە گۆڕانکارییە پیشەسازی و دیجیتاڵییەکان، کۆمپانیای “نوکیا”ی فینلەندی دەچێتە قۆناغێکی نوێی داهێنانەوەی خۆی، ئەمجارەیان لە ڕێگەی گرەوێکی بوێرانە بەسەر زیرەکی دەستکرد (AI) و سەنتەرەکانی داتا (Data Centers).
دوای ئەوەی لە مێژوودا بە دروستکردنی کاغەز و لاستیک ناسرابوو، پاشان بە مۆبایلەکانی کە بۆ چەندین دەیە باڵادەست بوون بەسەر بازاڕەکاندا، ئێستا دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی جێگەی خۆی لە ناوەڕاستی شۆڕشی تەکنەلۆجیای نوێدا بکاتەوە.
بەپێی ئاژانسی “بڵومبێرگ”، ئەو هاوبەشییەی نوکیا لەگەڵ زلھێزی تەکنەلۆجیای ئەمریکی “ئێنڤیدیا” گرێی داوە، گۆڕانکارییەکی جۆرییە لە ڕێڕەوی کۆمپانیاکە بەرەو داهاتووی دیجیتاڵی.
وەبەرهێنانێكی ملیارێک دۆلاری سیماکانی نوکیا دەگۆڕێتەوە
“بڵومبێرگ” ڕوونی کردەوە، کە “ئێنڤیدیا” 2.9%ـی پشکەکانی نوکیای بە بەهای نزیکەی یەک ملیار دۆلار بەدەست هێناوە، ئەمەش لە چوارچێوەی هاوکارییەکی ستراتیجیدا دێت کە ئامانجی تێدایە چیپە پێشکەوتووەکانی کۆمپیوتەری “ئێنڤیدیا” لە نەرمەکاڵای تۆڕەکانی نەوەی پێنجەم و شەشەم (5G و 6G) کە کۆمپانیا فینلەندییەکە پەرەی پێدەدات.
هەروەها، “ئێنڤیدیا” سوود لە شارەزایی “نۆکیا” لە سەنتەرەکانی داتا وەردەگرێت بۆ باشترکردنی ژێرخانی زیرەکی دەستکردی خۆی.
جێنسن هوانگ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری “ئێنڤیدیا”، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ “بڵومبێرگ تیڤی” ڕایگەیاند، کە وەبەرهێنانەکەی لە نوکیادا کردووە چونکە “زۆر بە پەرۆشە بۆ ئەو کارەی پێکەوە ئەنجامی دەدەین”، و هاوکاریی نێوان هەردوو کۆمپانیاکەی بە “بیرۆکەیەکی بەڕاستی بلیمەتانە” وەسف کرد.
ئەم گۆڕانکارییە لەژێر سەرکردایەتی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری نوێ جاستن هوتراد دێت، کە پێشتر سەرۆکایەتی بەشی زیرەکی دەستکردی لە کۆمپانیای “ئینتێل” کردووە. هوتراد هەوڵ دەدات “نۆکیا” بگۆڕێت بۆ یاریزانێکی سەرەکی لە ژێرخانی زیرەکی دەستکردی جیهانیدا.
“بڵومبێرگ” ئاماژەی بەوە کرد کە بەم کارە، کۆمپانیاکە درێژە بە نەریتی مێژوویی خۆی دەدات لە گۆڕینی پێستی پیشەسازیی خۆی لەگەڵ هەر سەردەمێکی تەکنەلۆجیدا، دوای ئەوەی لە ساڵی 2013 لە دروستکردنی مۆبایلەوە گۆڕا بۆ ئامێرەکانی تۆڕەکانی پەیوەندی.
ڕاپۆرتەکە ئەوەشی خستەڕوو کە هاوکارییەکە لەگەڵ “ئێنڤیدیا” نوکیا “لە پێگەیەکی ستراتیجیی ناوازەدا لە نێوان ژێرخانی پەیوەندی و زیرەکی دەستکرددا” دادەنێت، لە کاتێکدا کە کۆمپانیا گەورەکان پێشبڕکێ دەکەن بۆ بنیاتنانی نەوەی نوێی کۆمپیوتەرە زیرەکەکان.
“بڵومبێرگ” ڕایگەیاند کە نوکیا “ئەمڕۆ گالیسکەکەی بە یەکێک لە بەهێزترین ئەسپەکانی سەدەی ٢١ دەبەستێتەوە”، بە ئاماژەدان بە هاوبەشییەکەی لەگەڵ “ئێنڤیدیا” کە وەک خاڵی وەرچەرخانێکی گەورە لە ڕێڕەوی کۆمپانیا فینلەندییەکەدا سەیر دەکرێت بەرەو داهاتوویەک کە پشت بە زیرەکی دەستکرد دەبەستێت وەک ناوکی پیشەسازییە نوێیەکەی.
سەرچاوە: بڵومبێرگ
