عەلی باپیر لە توركیا: هیوادارین پرۆسەی ئاشتی هەنگاوەکانی کاراتر بکات

سەرۆكی كۆمەڵی دادگەری كوردستان لە توركیایە و لەگەڵ بەرپرسانی پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار و بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە كۆبووەوە و ڕایگەیاند، هیوادارین پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا هەنگاوەکانی کاراتر بکات و دەشڵێت: تورکیا، بەگشتی بۆ عێراق و بەتایبەتی بۆ هەرێمی کوردستان، گرنگییەکی تایبەتی هەیە.

بەپێی ڕاگەیەنراوی نووسینگەی سەرۆكی كۆمەڵی دادگەری، عەلی باپیر، بە یاوەریی شاندی کۆمەڵ، سەردانی بارەگای سەرەکیی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاک پارتی) کرد و لەگەڵ زافر ساریکای، بەرپرسی پەیوەندییەکان و ژمارەیەک لە لێپرسراوانی ئاک پارتی كۆبووەوە و هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر پتەوکردنی دۆستایەتی نێوان هەردووک حیزب و بەهێزکردنی پەیوەندییەکان.

سەرۆکی کۆمەڵ جەختی لە گرنگیی ستراتیژیی کۆماری تورکیا لە ناوچەکەدا کردەوە و ئاماژەی بە بایەخی ئەم وڵاتە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان دا.

عەلی باپیر هیوای خواست “پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا هەنگاوەکانی کاراتر بکات بۆ ئەوەی هەموو گەلانی تورکیا بە ئاسوودەیی بژین و سەقامگیرییەکی یەکجاری لە ناوچەکەدا فەراهەم بێت”.

هاوكات عەلی باپیر لەگەڵ عەلی ڕەزا گونەی، بەرپرسی دۆسیەی وڵاتانی عێراق و کۆماری ئیسلامیی ئێران لە وەزارەتی دەرەوە و چەندین بەرپرسی دیکەی وەزارەتەکە، كۆبووەوە و خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە پرۆسەی ئاشتی و هەوڵە بەردەوامەکان بۆ چارەسەرکردنی ڕیشەیی کێشەی کورد لە تورکیادا.

ئاماژەی بەوەدا، کە تورکیا، بەگشتی بۆ عێراق و بەتایبەتی بۆ هەرێمی کوردستان، گرنگییەکی تایبەتی هەیە، چ لە بواری ئابوورییەوە بێت، چ لە بواری ئەمنی و سیاسییەوە.

لەلایەن خۆیەوە، عەلی ڕەزا گونەی جەختی لەوە کردەوە، “دیدگای تورکیا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان بریتییە لە سەقامگیری و ئاشتەوایی لە ڕووی سیاسی و ئابووری و ئەمنییەوە”. ناوبراو هۆکاری ئەمەشی گەڕاندەوە بۆ نزیکیی جوگرافی و پەیوەندییە مێژووییە کۆمەڵایەتییە قوڵەکان لە نێوان پێکهاتەکانی عێراق و تورکیادا.

ئاماژەی بەوەدا، کە وەزارەتەکەیان لە نزیکەوە چاودێری ئەو کێشانە دەکەن کە هەرێمی کوردستان و عێراقیان گرتووەتەوە.

بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، هەردوو لا هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی کە چارەسەرکردنی زۆرینەی کێشەکان تەنها لە ڕێگەی یەکسان تەماشاکردنی هەموو پێکهاتە و نەتەوەکانەوە وەک هاووڵاتی و دەستەبەرکردنی عەدالەتی کۆمەڵایەتی دەبێت.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە