سەرۆك وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بە لابردنی مەرجی كەفیل بۆ وەرگرتنی قەرزی كڕینی خانوو و زەوی و یەكەی نیشتەجێبوون و دانانی “بیمە لەبری پارەنەدان” بۆ ئەو فەرمانبەرانەی مووچەكانیان تەوتین كراوە.
نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویكردەوە، محەمەد شیاع سودانی بڕیار دراوە “بیمە لە بەرامبەر پارەنەدان” وەک بەدیلێک بۆ مەرجی زۆرەملێی کەفیلی کەسی لە مامەڵەی کڕینی خانووبەرە و یەکەی نیشتەجێبوون بۆ ئەو فەرمانبەرانەی حکومەت، کە مووچەکانیان لە بانکەکان تەوتین كراوە، پەسەند بکرێت.
سودانی لیژنەی باڵای پەیوەندیدار بە پەرەپێدانی کەرتی بیمەی ڕێنمایی کرد بۆ تەواوکردنی ڕێکارەکانی جێبەجێکردنی بڕیاری پێشوو بۆ ئەوەی فەرمانبەرانی کەرتی تایبەتیش بگرێتەوە، کە مووچەکانیان لە بانکەکانی عێراق تەوتین كراوە.
نووسینگەی سەرۆک وەزیران جەختیشی كردۆتەوە، حکومەت پابەندبوونی بەردەوامی خۆی بە چاکسازییەکان دووپات دەکاتەوە، کە ئامانج لێی پەرەپێدانی ژینگەی قەرزدان و نیشتەجێبوونە بە شێوەیەک کە کاریگەری ئەرێنی لەسەر ئابوری نیشتمانی هەبێت و کەرامەتی هاووڵاتیان بپارێزێت و خۆشگوزەرانی و سەقامگیرییان بەرز بکاتەوە.
ئەمە لەكاتێكدایە، پێدانی ئەو قەرز و پێشینانە فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێم ناگرێتەوە بەهۆی ئەوەی مووچەكانیان لەلایەن بانكەكانی عێراقەوە تەوتین نەكراوە، بەڵكو لەهەرێم كار بە هەژماری من دەكرێت.
