سەركردەیەكی باڵای شیعەكانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، هەندێك لە سەركردەكانی كورد باوەڕیان بە یەكگرتوویی عێراق نییە و پێیانوایە لاوازبونی بەغدا لە بەرژەوەندی كورد و هەرێمی كوردستانە و دەشڵێت: بافڵ تاڵەبانی ڕۆڵی سەرەكی هەبوو لە چارەسەركردنی كێشەی نەوت و مووچە.
قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتی عەسائیبی ئەهلی حەق، لە چاوپێكەوتنێكی ڕۆژنامەوانیدا دەڵێت: چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر ئاسانە ئەگەر نیەتی ڕاستۆگۆیانە هەبێت، بەڵام هەندێك لە سەرکردەکانی کورد قەناعەتیان بە یەکگرتوویی عێراق نییە.
ڕاشیگەیاندووە، هەندێک باوەڕیان وایە، بەرژەوەندییە سیاسییەکانیان وەک پێكهاتەی کورد یان هەرێم لە لاوازکردنی بەغدادایە، بەڵگەی ڕوون لەسەر ئەمە هەیە و باوەڕم وایە هیچ قەناعەتێکی هاوبەش نییە، ئەگەر هەبوایە، زۆر ئاسان دەبوو بۆ ئێمە ڕێکبکەوین، چونکە سەرچاوەکانی عێراق زۆرن و دەتوانن سوود بە هەموو خەڵکەکەی بگەیەنن.
ئاماژەی بەوەشدا، پێموایە کێشەی بنەڕەتی سەرکردایەتی کورد، کە لە قەناعەت و هۆکارەکانی خۆیانەوە سەرچاوەی گرتووە، ئەوەیە کە ئەوان بەڕاستی باوەڕیان بە سیستەمی فیدڕاڵی نییە و ئەوان خۆیان بە گەلێکی جیاواز دەزانن، کە زمان و مێژوو و جل و بەرگ و کولتور و ژینگەی شاخاویی خۆیان هەیە، کە لە ڕوانگەی ئەوانەوە وایان لێدەکات شایستەی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بن، لە ئەنجامدا، بەڕاستی باوەڕیان بەوە نییە، کە بەشێکن لە عێراق، ئەوە پرسە سەرەکییەكە.
خەزعەلی ڕوونیشی كردۆتەوە، ئەوان وەك کۆنفیدڕاڵی مامەڵە دەكەن نەک فیدراڵی، کۆنفیدڕاڵی واتە مافی سیستمی فیدراڵی وەردەگرن لەکاتێکدا پابەندبونەکانی کۆنفیدڕاڵییەک لە ئەستۆ دەگرن، کۆنفیدڕاڵی لە بنەڕەتدا یەکێتی نێوان دوو دەوڵەتە، پێموایە ئەمە خاڵی بنەڕەتییە و کێشەی جەوهەرییە.
وتیشی، “لەم دواییانەدا لە دوو کەسایەتی گرنگی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانیمان بیست، کە قووڵایی ستراتیژی راستەقینەی هەولێر لە بەغدادە، بێگومان ئێمە بە گەشبینییەوە پێشوازیمان لەم لێدوانە کرد، لەگەڵ ئەوەشدا بەداخەوە ئەمەمان لە مەسرور بارزانی یان مەسعود بارزانييەوە نەبیستووە، ئایا ئەوانیش دەوتوانن ئەم قسانە بكەن ؟ من گومانم هەیە”.
جەختیشی كردۆتەوە، من پێموایە توێژێکی گەورەی گەلی کوردمان لە کوردستان، کە زۆرینەی ڕەهایە، پێیان وایە بەرژەوەندییەکانیان لەوەدایە کە بەغداد وەک قووڵایی ستراتیژی خۆیان هەبێت و بەشێک بن لە دەوڵەتی عێراق و لەگەڵ ئەوەشدا سەرکردایەتی سیاسی باوەڕی بەو شتە نییە، من پشتگیری فیدراڵیزم بە مەرج و پابەندبوونی هاوبەش و ماف و ئەرکی هاوبەش بۆ هەردوولا.
قەیس خەزعەلی ئاشكراشی كرد، بافڵ تاڵەبانی ڕۆڵی سەرەکی هەبوو لە چارەسەرکردنی قەیرانی ئەم دواییەی مووچە و نەوت و من بە شێوەیەکی شەخسیی هانمدا و ڕۆڵی خۆمم بینی لە یارمەتیدانی ئەو بۆ گەیشتن بەم ئەنجامە، بۆ ئەوەی ئومێدێك بۆ گەلی کورد بمێنێتەوە، بەوەی هەرچەندە دۆخەکە خراپ بێت، هەمیشە هیوا هەیە.
