توێژینەوەیەكی زانستیی نوێ كە بۆ ماوەی 22 ساڵ بەردەوام بووە، پەیوەندییەكی راستەوخۆی لەنێوان دواخستنی ژەمی بەیانیان و تێكچوونی تەندروستی و زیادبوونی مەترسیی مردنی پێشوەختەدا دۆزیوەتەوە، بەتایبەتی لەنێو كەسانی بەساڵاچوودا.
بەپێی ئەو ئەنجامانەی كە گۆڤاری “BBC Science Focus” بڵاویكردووەتەوە، ئەو كەسانەی كە بەردەوام ژەمی بەیانیانیان دواخستووە، تێكڕای تەمەنیان 10 ساڵ كەمتر بووە بە بەراورد بەو كەسانەی كە لە كاتی خۆیدا نانی بەیانیان خواردووە.
توێژەران لە ماوەی بەدواداچوونە دوورودرێژەكەیاندا تێبینیی ئەوەیان كردووە كە بە تێپەڕبوونی كات، بەشداربووان زیاتر ژەمی بەیانیان و ئێوارانیان دواخستووە، ئەمەش بووەتە هۆی كەمبوونەوەی ئەو ماوەیەی كە بۆ نانخواردن لە رۆژێكدا بەردەستە.
توێژینەوەكە دەریخستووە كە خواردنی نانی بەیانی لە كاتێكی درەنگدا (بەتایبەت لە كاتژمێر 9ی بەیانی یان دواتر) لەوانەیە پەیوەندی بە چەندین كێشەی تەندروستییەوە هەبێت، وەك:
خەمۆكی
ماندوێتیی بەردەوام
تەندروستیی خراپی دەم و ددان
دكتۆر حەسەن داهتی، یەكێك لە توێژەرەكان، دەڵێت: “گۆڕانكاری لە سیستمی خۆراكیی كەسانی بەساڵاچوودا، بەتایبەتی كاتی نانی بەیانی، دەتوانێت وەك نیشانەیەكی ئاسان بۆ بەدواداچوونی تەندروستیی گشتییان بەكاربهێنرێت.”
توێژەران ئاماژە بەوەش دەكەن كە زیادبوونی دیاردەی “رۆژووی پچڕپچڕ”، كە تێیدا خەڵك بە ئەنقەست ماوەی نێوان ژەمەكان درێژ دەكەنەوە و نانی بەیانی دوادەخەن، رەنگە كاریگەریی لەسەر ئەم دەرئەنجامانە هەبووبێت.
