“تیک تۆک” ماوەیەکی کەم لەمەوبەر کۆنگرەیەکی لوتکەی تایبەتی بۆ دروستکەرانی ناوەڕۆکی سەکۆکە سازکرد، و لەوێدا کۆمەڵێک زیادکراوی نوێی بۆ خزمەتگوزارییەکانی ڕاگەیاند، جگە لە سیستەمێکی نوێی بەشداریکردن کە گەرەنتی دەکات دروستکەرانی ناوەڕۆک 90%ی قازانجی بەشداریکردنەکان بەدەست بهێنن. ئەوەش بەپێی ڕاپۆرتێک کە ماڵپەڕی تەکنەلۆژی “9to5Mac” بڵاویکردووەتەوە.
ئەم بۆنەیە کە ئامادەبوونی تەنیا بۆ خاوەنی بانگهێشتی تایبەت بوو، لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەڕێوەچوو، ئەوەش ئاماژەیەکی ڕوونە کە ئەم خاڵانە سەرەتا دەگەنە “تیک تۆک”ی ئەمریکا و پاشان یەک لە دوای یەک بۆ وڵاتانی دیکەی جیهان.
شایەنی باسە کە گرێبەستی “تیک تۆک” لەگەڵ “ئۆراکڵ” هێشتا جێبەجێ نەکراوە، واتە ئەم نوێکردنەوانە لەنێو ئەپڵیکەیشنی ئاسایی “تیک تۆک”دا ڕوودەدەن تاوەکو گواستنەوە بۆ ئەپڵیکەیشنە نوێیەکە لە ئەمریکا دەکرێت.
1- سیستەمێکی نوێی قازانجی بەشداریکردن لە سەکۆکە
سەکۆی “تیک تۆک” توانای بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی تایبەت دابین دەکات بۆ ئەوانەی مانگانە بە بڕێکی جێگیر بەشداری دەکەن لەگەڵ دروستکەری ناوەڕۆکی دڵخوازی خۆیان.
پێشتر، سەکۆکە 50%ـی کۆی قازانجی ئەم بەشداریکردنانەی لەگەڵ دروستکەرانی ناوەڕۆکدا هاوبەشی دەکرد، بەڵام دوای نوێکردنەوەکە، دروستکەری ناوەڕۆک 90%ـی کۆی قازانجی بەشداریکردنەکان بەدەست دەهێنێت.
“تیک تۆک” کۆمەڵێک مەرجی ڕوون کردەوە کە ڕێگە بە دروستکەری ناوەڕۆک دەدەن سوود لەم خاڵە وەرگرن، لەوانە: لانیکەم 10 هەزار فۆڵۆوەری هەبێت، 100 هەزار بینینی لە مانگی ڕابردوودا هەبێت، و 3 ڤیدیۆی تایبەت بە بەشداربووانی لە مانگی ڕابردوودا بڵاوکردبێتەوە.
بەبێ بەدیهێنانی ئەم مەرجانە، ڕێژەی دروستکەری ناوەڕۆک لە قازانجی بەشداریکردنەکان دادەبەزێت بۆ تەنیا 70%ـی کۆی بەشداریکردنەکان.
وتەبێژی فەرمی “تیک تۆک” لە قسەکانیدا بۆ ماڵپەڕی “ماشەیبڵ” (Mashable) جەختی لەوە کردەوە کە ئەم خاڵە سەرەتا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەستپێدەکات پاشان یەک لە دوای یەک دەگاتە وڵاتانی دیکە.
2- پلاندانان بۆ ڤیدیۆکان بەهۆی زیرەکی دەستکردەوە (AI)
“تیک تۆک” خاڵێکی نوێی پێشکەش بە دروستکەرانی ناوەڕۆکی سەکۆکە کرد، کە ڕێگەیان پێدەدات نەخشەیەکی سەرەکی بۆ ڤیدیۆکە دروست بکەن و پلانی بۆ دابنێن بە بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد.
ئەم خاڵە لە ڕێگەی داخڵکردنی وەسفی ئەو گرتە ڤیدیۆییە یان بیرۆکە سەرەکییەکەی کە دەتەوێت، کار دەکات، پاشان مۆدێلی زیرەکی دەستکردی تایبەتی سەکۆکە کۆمەڵێک ناونیشان و وەسف و تەنانەت میکانیزمی مۆنتاژ پێشنیار دەکات بۆ دڵنیابوون لە سەرکەوتنی گرتە ڤیدیۆییەکە.
هەروەها ئەم خاڵە دەقێکی سەرەتایی بۆ ڤیدیۆکە دروست دەکات کە دەتوانیت بەپێی خواست گۆڕانکاری تێدا بکەیت، و هەموو ئەو پێشنیارانەی کە ئامرازەکە پێشکەشی دەکات، لە گرتە ڤیدیۆییە هاوشێوەکانی ناو سەکۆکە وەرگیراون.
3- خاڵی بڕینەوەی زیرەک (Smart Cutting)
ئەم خاڵە توانای بڕینەوەی ئەو گرتە ڤیدیۆییانە دابین دەکات کە درێژییەکەیان لە یەک خولەک زیاترە، و دروستکەری ناوەڕۆک دەتوانێت بەهۆی ئەمەوە ئەو بەشانەی گرتە ڤیدیۆییەکە هەڵبژێرێت کە دەیەوێت بیانپارێزێت و بەشەکانی تر کە دەیەوێت بیانسڕێتەوە.
زیرەکی دەستکردی تایبەتی سەکۆکە ناوەڕۆکی گرتە ڤیدیۆییەکە دەناسێتەوە و بەپێی ئەو ناوەڕۆکانە دابەشی دەکات، هەروەها دەتوانیت هەر بەشێک لەم گرتە ڤیدیۆییە بە جیا بڵاوبکەیتەوە ئەگەر حەزت لێ بوو.
زۆربەی ئەم خاڵانە بە شێوەیەکی سنووردار سەرەتا لە ناو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا دەستپێدەکەن، پاشان بەدوای یەکدا دەگەنە وڵاتانی دیکەی جیهان، بەپێی ئەوەی لە بەیاننامەکەی سەکۆکەدا هاتووە.
