ھەولێر بە پشتێنەیەکی سەوزایی فراوان وەڵامی گەرمای جیھان دەداتەوە

لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی ماستەرپلانی شاری ھەولێر، قۆناغی یەکەمی پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی کەوتووەتە واری جێبەجێکردنەوە و بڕیاریشە بە ھەشت قۆناغ تەواوی پڕۆژەکە جێبەجێ بکرێت.

پشتێنەی سەوزایی بە پانیی دوو کیلۆمەتر و بە درێژایی ٩٢ کیلۆمەتر بە چواردەوری شاری ھەولێردا دەسووڕێتەوە و بە درێژایی ئەم مەودایە دار زەیتوون و دار فستق دەچێندرێت و لە چوارچێوەی پڕۆژەکەدا چەند پۆندێک و چەند شوێنێکی گەشتیاریی دروست دەکرێت و، ئەم پڕۆژەیە شارەکە لە مەترسییەکانی بە بیابانبوون دەپارێزێت، دەردانی گازە زیانبەخشەکان و کاریگەرییەکانی گەرما کەم دەکاتەوە و کوالێتی ھەواش بەرز دەکاتەوە، جگە لە بەخشینی سیمایەکی جوان بە شارەکە.

لە پڕۆژەکە، نزیکەی حەوت ملیۆن دار دەچێندرێت کە لە جۆرەکانی زەیتوون و فستقن و ئەم دارانە بەوە ناسراون کە توانای بەگرییان لە وشکەساڵییدا ھەیە و باش لەگەڵ کەشوھەوای وشکی ناوچەکەدا دەگونجێن و گرنگییەکی کولتووری و ئابوورییان ھەیە. ھەروەھا کاتێک دارەکان پێدەگەن، دەتوانن سەرچاوەیەکی بەرھەمی کشتوکاڵی بەردەوام دابین بکەن و ھەلیکاری نوێ دروست بکەن.

ئەم دەستپێشخەرییە ھاوکاتە لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە جیھاندا و گەشەکردنی شارەکان، بۆیە پڕۆژەکانی سەوزایی و ھاوشێوەکانی، جەخت لەسەر پێویستی بەپەلەی پلاندانانی ژینگەیی دەکەنەوە.

پارێزگاری ھەولێر جەخت لەوە دەکاتەوە کە پڕۆژەکە خۆگونجاندنی ھەرێمی کوردستانە لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی ئاو و ھەوا، جگە لەوەی ناوچەکە دەبێتە شوێنێکی سەرنجڕاکێش بۆ گەشتیارانی ناوخۆ و بیانی.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ھەولێر لەبارەی پڕۆژەی پشتێنەی سەوزاییەوە ڕایگەیاند، “دوای ھەموارکردنەوەی ماستەر پلانی شاری ھەولێر کە لەگەڵ ڕێکخراوی جایکای یابانی ئەنجامدرا، بڕیار لە دروستکردنی پشتێنەی سەوزایی درا، پڕۆژەکە ھەم خۆگونجاندنی ئێمەیە وەکو حکومەت لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی ئاو و ھەوا، ھەم جوانترکردنی دیمەنی شار و دابینکردنی ژینگەیەکی پاکترە بۆ ھاووڵاتییان و گەشتیاران”.

وتیشی: “پڕۆژەکە بە ھەشت قۆناغ جێبەجێ دەکرێت، قۆناغی یەکەم دەستی پێکردووە، تەواوی پشتێنەکە درێژییەکەی ٩٢ کیلۆمەترە و بە پانی دوو کیلۆمەتر بە چواردەوری شاری ھەولێردا دەسوڕێتەوە، نزیکەی ‌حەفت ملیۆن دار لە جۆرەکانی فستق و زەیتوون لە تەواوی پڕۆژەکە دەچێندرێت، بەشێکی دیکەی پڕۆژەکە بریتییە لە دروستکردنی شوێنی گەشتیاریی و ئەم بابەتانە کە ھاووڵاتییان و گەشتیاران دەتوانن کاتەکانییانی لێ بەسەر ببەن، ئەمە جگە لەوەی ھەوایەکی پاک و تەندروست بە ھاووڵاتییان دەبەخشێت”.

پێشتر لێکۆڵینەوەی ورد لەوبارەیەوە ئەنجامدراوە و چەندین لیژنە سوودیان لە ئەزموونی ئەندازیارانی دەرەوەی وڵات وەرگرتووە، ماوەیەک پێش ئێستاش ژمارەیەک لە ئەندازیارانی وڵاتی یۆنان سەردانی ھەولێریان کرد و لێکۆڵینەوەیان لە خاک، ئاو، ھەوا و ژینگەی ناوچەکە کرد، بۆ ئەوەی بزانن چ جۆرە دارێک گونجاوە بۆ چاندن لە ھەولێر، هەر بۆیەش جۆری دار زەیتوون و دار فستقیان هەڵبژاردووە.

قۆناغی یەکەمی پڕۆژەکە لەسەر نزیک قەزای بەحرکە لە باکووری شاری هەولێر دەستی پێکردووە و ڕۆژانە ژمارەیەکی زۆر لە سەرپەرشتیار، ئەندازیار و کرێکار کاری تێدا دەکەن و خەریکی هەڵکەندنی چاڵی دارەکان و دابەشکردنی شێوازی ئاودانی دار و سەوزاییەکانی پڕۆژەکەن.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە