spot_imgspot_img

ڕوونکردنەوەیەک لە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمەوە

وەزارەتی ناوخۆی هەرێم دەنگۆی قەرەبووکردنەوەی ئاوارە گەڕاوەکان بە “ناڕاست” ڕادەگەیەنێت.

وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕوونکردنەوەیەکی فەرمی بڵاوکردەوە سەبارەت بە دەنگۆی قەرەبووکردنەوەی ئەو هاووڵاتیانەی کە بەهۆی سیاسەتەکانی ڕژێمی پێشووی بەعسەوە ئاوارەی وڵاتانی دراوسێ ببوون و دواتر گەڕاونەتەوە هەرێم.

وەزارەتی ناوخۆ ڕایگەیاندووە، کە ماوەیەکە “دەنگۆی ناڕاست” بڵاو دەکرێتەوە گوایە حکومەتی فیدراڵ (وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران) بڕیاری قەرەبووکردنەوەی ئەو هاووڵاتیانەی داوە کە بەهۆی سیاسەتەکانی ڕژێمی بەعس، بە تایبەت لە دوای ڕێککەوتنامەی شوومی جەزائیر لە ساڵی ١٩٧٥، ئاوارەی ئێران، تورکیا و سوریا بوون و دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ گەڕاونەتەوە هەرێمی کوردستان.

وەزارەتەکە بە ڕای گشتیی ڕاگەیاندووە، کە کۆی ئەو هەواڵانەی لە ئێستادا بڵاو دەکرێنەوە دوورن لە ڕاستی.

ڕوونکردنەوەکەی وەزارەتی ناوخۆ جەخت لەوە دەکاتەوە کە حکومەتی هەرێم هەوڵی زۆری داوە بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا، حکومەتی فیدراڵ بەرپرسیارێتی خۆی بەرامبەر بەو خانەوادانە جێبەجێ بکات و قەرەبوویان بکاتەوە.

ئاماژەی بەوەشداوە، تا ئێستا “هیچ وەڵامێکی فەرمی لە لایەن حکومەتی فیدراڵییەوە” بە وەزارەتەکە نەدراوەتەوە، و وێنەی دوا نووسراوی داواکارییەکەی حکومەتی هەرێم کە “هاوشێوەی داواکارییەکانی تر بێ وەڵام ماوەتەوە” وەک هاوپێچ بڵاوکراوەتەوە.

لە کۆتاییدا، وەزارەتی ناوخۆ هۆشداری داوەتە هاووڵاتیانی ئازیز کە “نەکەونە بەر لێشاوی پرووپاگەندەی هەڵبژاردن بۆ بەرژەوەندی چەند کەس و لایەنێک”.

وەزارەتەکە دڵنیایی داوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لەسەر ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆی بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی قەرەبووکردنەوەی ئاوارە گەڕاوەکان بۆ نیشتیمان، و هەر زانیاری و هەنگاوێکی فەرمی هەبێت، لە سەرچاوەی فەرمییەوە پێیان ڕادەگەیەندرێت.

spot_img
spot_img
spot_img
spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە