ماڵپەڕێکی دیپلۆماسیی ئێران ئاشکرای کردووە کە ڕێککەوتنێکی نوێ لە نێوان تورکیا و عێراقدا کراوە بۆ بەردانەوەی ئاو بۆ عێراق و بەپێچەوانەشەوە عێڕاق نەوت دەداتە تورکیا.
ماڵپهڕی دیپلۆماسیی ئێران بڵاویکردۆتەوە، کە هەرچەندە ڕێککەوتنەکە لە ڕووکەشدا ئابوورییە، بەڵام بۆ تورکیا هەنگاوێکی گەورەی ستراتیژییە لە بەکارهێنانی ئاو وەک کارتێکی فشاری جیۆسیاسی.
بەپێی ماڵپەڕەکە، ئێران پێی وایە ئەم ڕێککەوتنە نەک تەنها کاریگەری لەسەر عێراق دەبێت، بەڵکو لێکەوتەکانی ئێران دەگرێتەوە، بە تایبەت کە خودی ئێران تووشی کێشەی کەمئاوی بووەتەوە.
بەپێی سەرچاوە ئێرانییەکە، وشکبوونی چەندین دەریاچە لە ئێران تەنها بەهۆی پشتگوێخستنی ناوخۆییەوە نییە، بەڵکو بەرهەمی ڕاستەوخۆی سیاسەتی تورکیا و دروستکردنی بەنداوەکان بووە، کە بوونەتە هۆی کەمبوونەوەی ئەو ئاوەی دەڕژێتە ناو ئێرانەوە.
