ئاژانسێکی هەواڵی ئەمریکی، وردەکاریی پلانی دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلای ئاشکرا کرد، کە بە گۆڕینی ڕێڕەوی گەشتی فڕۆکە تایبەتەکەی بۆ شوێنێک بووە بۆ ئەوەی ڕێگە بە دەسەڵاتدارانی ئەمریکا بدات دەستگیری بکەن.
ئەمڕۆ سێشەممە، ئاژانسی هەواڵی “ئەسۆشیەیتد پرێس” ڕایگەیاند کە بریکارێکی فیدراڵی لە کۆبوونەوەیەکی نهێنیدا پێشنیارێکی بوێرانەی بۆ گەورەفڕۆکەوانی مادورۆ کردووە، داوای لێکردووە بە نهێنی ئاراستەی فڕۆکەکەی سەرۆکی ڤەنزوێلا بگۆڕێت بۆ ئەوەی ناوبراو دەستگیر بکرێت.
ئاماژەی بەوەدا کە بریکارە ئەمریکییەکە بەڵێنی بە فڕۆکەوانە سەرەکییەکەی مادورۆ داوە کە ئەگەر ڕەزامەندی بدات لەسەر پێشنیارەکە، ئەوا دەبێتە “پیاوێکی زۆر دەوڵەمەند”.
ئاژانسەکە قسەوباسەکەی بە “پڕ لە گرژی و دڵەڕاوکێ” وەسف کرد، چونکە فڕۆکەوانەکە بەبێ بەڵێندان بە جێبەجێکردنی پلانەکە، گفتوگۆکانی جێی هێشت، سەرەڕای ئەوەی ژمارەی مۆبایلی خۆی بە بریکارەکە، ئێدوین لۆپێز، داوە، کە ئەمەش نیشانەی ئەوەیە لەوانەیە خواستی ئەوەی هەبێت یارمەتی حکومەتی ئەمریکا بدات.
بەدرێژایی 16 مانگی ڕابردوو، تەنانەت دوای خانەنشینبوونی لە کاری حکومیدا لە مانگی تەممووزی ڕابردوودا، لۆپێز بەردەوام بوو لە چاتکردن لەگەڵ فڕۆکەوانەکە لە ڕێگەی ئەپڵیکەیشنێکی نامەنووسیی پارێزراوەوە.
بە شێوەیەکی گشتی، ئەم پلانە ئاشکرای دەکات کە ئەمریکا تا چەندە هەوڵی داوە، کە چەندین ساڵە دەیەوێت مادورۆ لەسەر دەسەڵات لابەرێت، ئەو مادورۆیەی کە بە بەرپرسیار دەزانێت لە لەناوبردنی دیموکراسی لە ڤەنزوێلای دەوڵەمەند بە نەوت، لەگەڵ دابینکردنی ڕێگەیەک بۆ بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان، گرووپە تیرۆریستییەکان و کوبای کۆمۆنیستی.
