بانکی ناوەندی عێراق پێشبینی دەکات کە قەبارەی پارەدانی ئەلیکترۆنی تا ساڵی ٢٠٣٥ بگاتە ٦٠ ملیار دۆلار و وتەبێژەکەیشی ئەوەی خستەڕوو کە چاپکردنی پارە کەمیکردووە.
عەلا فەهد، وتەبێژی بانکی ناوەندی عێراق لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەی سەباح ڕایگەیاند، بانکەکە لە چوارچێوەی پلانی چاکسازیدا هەوڵ دەدات پشت بە پارەدانی ئەلیکترۆنی ببەسترێت، چونکە ڕۆڵێکی زۆر گەورەی هەیە لە کەمکردنەوەی پشت بەستن بە مامەڵەی نەختی کە بە ڕێژەیەکی زۆری کەمیکردووە.
وتیشی: بانکی ناوەندی بە هاوکاری کۆمپانیای (ئۆلیڤەر وایمەن) پلانی چاکسازی بانکیی جێبەجێ دەکات کە لە ڕاپۆرتەکەیدا ڕایگەیاندووە بەدەنگەوەچوونێکی گەورە هەیە لەلایەن بانکە بۆ پلانەکە و پێشبینی دەکات تا ساڵی ٢٠٣٥ قەبارەی پارەدانی ئەلیکترۆنی بگاتە ٦٠ ملیار دۆالر.
فەهد ئاماژەی بەوەدا کە بە هۆی پارەدانی ئەلیکترۆنییەوە چاپکردنی دراوی نەخت بە ڕێژەیەکی زۆر گەورە کەمیکردووە.
وتەبێژی بانکی ناوەندی عێراق ڕاشیگەیاند، لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا پارەدانی ئەلیکترۆنی زۆر گەشەی کردووە و تا ئێستا زیاتر لە ٢٢ ملیۆن کارتی بانکی دەرکراوە و زیاتر لە ٧٥ هەزار ئامێری پارەڕاکێشانیش هاوردەکراوە.
