قۆناغی سێیەمی دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دەستپێدەكات و سبەینێ لە هەولێر تیرووپشك بۆ زیاتر لە 7 هەزار و 500 پارچە زەوی تر دەكرێت و دەدرێن بە فەرمانبەرانی سەنتەری هەولێر.
دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران و پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكان، ساڵی ڕابردوو لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم بڕیاری لێ درا، ئێستا زیاتر لە 600 هەزار فەرمانبەر ناویان لە ئەنجوومەنی وەزیران بۆ پێدانی زەوی گەڕاوەتەوە وەزارەت و فەرمانگەكان و لەلایەن شارەوانی ناو شار و قەزا و ناحییەكانەوە بەپێی كارتی زانیاری فەرمانبەران زەوییەكان دابەش دەكرێن.
كارزان هادی، سەرۆكی شارەوانیی هەولێر ڕایگەیاند، بریارە سبەی سێ شەممە تیرووپشك بۆ 7 هەزار و 500 پارچە زەوی بكرێت بۆ فەرمانبەرانی سەنتەری پارێزگای هەولێر.
ئەو زەوییانەی سبەی دابەش دەكرێن دەكەوێتە بەرحوشتر، جێژنیكان، گردەچاڵ.
ئەوە قۆناغی سێیەمی دابەشكردنی زەوییە، كە سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر لە سنووری خۆی كاری لەسەر دەكات. قۆناغەكانی پێشوو تایبەت بوون بە زەوییەكانی ئاشۆكان و گردەچاڵ، ئێستە وردبینی بۆ ناوەكان دەكرێت و لە داهاتوودا زەوییەكە بە سەنەدی تاپۆ بە شێوەی یاسایی دەدرێتە فەرمانبەران.
بەپێی ڕێنمایی وەزارەتی شارەوانی، هەموو ئەو ئەو فەرمانبەر و هیچزە ئەمنی و پێشمەرگانەی ناویان لە ئەنجوومەنی وەزیران دەرچووە و 8 خاڵ زیاتریان هەیە بەو مەرجەی پێشتر سوودمەند نەبووبن، زەوییان پێ دەدرێت.
