نرخی زێڕ دابەزی و بەربەستی 4000 دۆلاری تێکوپێک شکاند و ئۆنسەیەک زێڕ گەیشتە 3,974 دۆلار.
دوابەدوای ڕاوەستانی شەڕی غەززە و لێدوانەكانی ئەم دواییەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا بۆ كۆتایی هێنان بە شەڕی ئۆكراینا و كۆبوونەوەی بەم زووانەی لەگەڵ سەرۆكی چین و خاوبوونەوەی گرژییەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نرخی زێڕ بەردەوامە لە دابەزین و نرخی یەك ئۆنسە لە 4400 دۆلارەوە دابەزیوە بۆ 3974 دۆلار.
دانا وەرتی، خاوەنی زێڕنگەری ئازوورا لە هەولێر بۆ (خەڵك) وتی، “نرخی زێڕ بەردەوامە لە دابەزین و ئیچوارەی ئەمڕۆ ئۆنسەی زێر دابەزیوە بۆ 3974 دۆلار.
ڕاشیگەیاند، یەك مسقاڵی زێڕی عەیار 24 بووە بە 920 هەزار و عەیاری 21 بوووە بە 805 هەزار و عەیاری 18 بووە بە 690 هەزار.
ئەو زێڕنگەرە پێی وایە، “دەبێت زێر بوەستێت، باڵانسی جووڵە زۆر لاسەنگە ناکرێت هەموو ڕۆژ و هەفتە هەر بەرەو بەرزی بڕوات ئایە تاکەی وادەکات؟ ئەمە ئاسایی نیە و پێشێلکردنی سیفەتی جووڵەی زێرە بەپێی مێژوو”.
