سەرەڕای هەڵمەتەکانی گەڕان و ڕزگارکردن، بەڵام هێشتا تەرمی چوار بارمتەکراوی ئیسرائیلی نەدۆزراوەتەوە.
تەلەفیزیۆنی فەرمی ئیسرائیل KAN، ڕایگەیاند، “هێشتا شوێنی تەرمی چوار دیلی ڕفێندراوی ئیسرائیلی لە غەززە نەدۆزراوەتەوە”.
ئەوەشی خستەڕوو کە بە بەشداری تیمەکانی میسر هەڵمەتەکانی گەڕان و ڕزگارکردن بێ وچان درێژەیان هەیە، سوپای ئیسرائیل لە چەند کاتژمێری ڕابردوودا لە چەند خاڵێکی غەززە کشانەوە بۆ ئەوەی ڕێگا بۆ کارەکانی حەماس و تیمە نێودەوڵەتییەکان بکاتەوە.
هەروەها لە هەواڵەکەدا جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جارد کوشنەر، زاوای ترەمپ گوشار دەکەن بۆ ئەوەی قۆناغی دووەمی ڕێککەوتنی ئاگربەست و ئاڵوگۆڕی دیلەکان کە لە نێوان ئیسرائیل و حەماسدا ئەنجامدراوە، خێراتر بکرێت، ئەوەیش خراوەتەڕوو کە کشانەوەی سوپای ئیسرائیل لە هەندێک ناوچەدا بەهۆی ئەو گوشارانەوە بووە.
لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئاگربەست و ئاڵوگۆڕی دیلەکان، حەماس تا ئێستا ١٦ تەرمی ڕادەستی ئیسرائیل کردووە، لە ئەنجامی پشکنینەکان دەرکەوتووە کە یەکێک لە تەرمەکان ئیسرائیلی نییە، باس لەوەش دەکرێت کە هێشتا تەرمی زیاتر لە ١٠ دیلی ئیسرائیلی لە کەرتی غەززەدا هەن.
سەرەڕای ئاگربەست لە کەرتی غەززە، سوپای ئیسرائیل بە بیانووی جۆراوجۆر هێرش دەکاتە سەر هاووڵاتیانی فەڵەستینی.
