کەشناسێکی کورد ئاشکرای دەکات، کە سەرەتای مانگی 11 شەپۆلێکی بارانبارین ناوچەکانی هەرێم دەگرێتەوە و جەختیش دەکاتەوە کە سەدا 10ی ناوچەکان پەڵە دەدات.
ئاراس جەبار، شارەزا لە بواری کەشناسی بڵاویکردەوە: لە ئەمڕۆوە تا 10 رۆژی داهاتوو کەشوهەوای هەرێمی کوردستان و وڵاتانی ناوچەکە بە جێگیری دەمێنێتەوە ئەویش لەدەرەنجامی کاریگەری بەرزەپاڵەپەستۆیەکە کە بەرگەهەوای ناوچەکەی کۆنترۆڵکردوە و پلەکانی گەرماش لە ئاستێکی جێگیردا دەمێنێتەوە.
دەشڵێت: “پێشبینی دەکرێت لەکۆتایی هەفتەی داهاتوو بەدواوە لە 6ی تشرینی دووەمی 2025، کاریگەری ئەو بەرزە پاڵەپەستۆیە کۆتایی پێبێت و بارانبارینەکان بەکاریگەری نزمەپاڵەپەستۆی دەریای سوور و ناوەراست لەناوچەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەستپێبکات لەگەڵ نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما، بە گشتی حاڵەتەکانیش لاواز و ناجێگیر دەبن و لەهەندێ شوێندا هەورە بروسکە چالاک دەبێت، لەگەڵ بارینی نمە باران و هەندێ شوێن رێژەی بارانبارینی زیاتر دەبێت، ئەگەری گۆڕانکاریش دەبێت لە نەمان یان باشتربوونی حاڵەتەکان.
ئەوەشی وتووە: بەگشتی بۆ مانگی 11، رێژەی بارانبارین لە زۆربەی ناوچەکان لە خوار ئاستی ئاسایی دەبێت، تەنها ناوچە شاخاویەکانی باکوری هەرێم کەمێک باشتر دەبێت کە لەوەرزی هاوینیشدا ئاماژەمان پێکرد کە وەرزی پایزمان کەمبارانە و لەناوچەکانی باکوور کەمێک باشتر دەبێت، سەبارەت بە پەڵەدان کە لەدۆخی ئاسایدا ساڵانە دەکەوێتە نیوەی سەرەتای مانگی 11 بۆ ئەمساڵ پێشبینی ناکرێت لەمانگی 11 شەپۆلی پێویستی باران هەبێت بۆیە لەو مانگەدا ئەگەری پەڵە تەنها بۆ لەسەدا 10%ی ناوچەکان دەبێت و لەسەدا 90%ی ناوچەکانمان ئەگەری پەڵەدانیان نیە.
