بەرپرسێکی بانک و بەرپرسێكی خانەشینی ئاشکرایدەکەن، لەگەڵ مووچەی مانگی هەشتدا بەشێكی خانەنشینان سێ مووچەیان پێ دەدرێت و جیاوایی مووچەشیان بۆ خەرج دەكرێت.
فریاد فاخیر، بەڕێوەبەری بانکی سەروەران لە هەولێر، بە میدیای پارتی ڕاگەیاند: “بهگشتی ئهو خانهنشینانهی ئهمساڵ خانەنشین كران، مووچەكانیان رێكخراوە، هەندێكیان نەبێت كە ئەو مانگە دوو بۆ سێ مووچە وەردەگرن، ئەگەرنا هەموویان مووچەكانی ئەمساڵیان وەرگرتووە”.
لە مووچەی مانگی شەش و مانگی حەوتدا بە هەزاران خانەشینکراو شەش بۆ حەوت مووچەیان بەیەكەوە بۆ خەرج كرا.
فریاد فاخیر، باسی لەوەشکرد: “ئەوانەی لەگەڵ مووچەی مانگی هەشتدا دوو سێ مووچە وەردەگرن، زیاتر ئەوانەن كە جیاوازیی مووچەی مانگەكانی پێشوویان بۆ بەستراوە”.
ئەو بەرپرسەی بانك ئاشكراشیكرد، “ئەو خانەنشیانەی جیاوازیی مووچەیان هەبێت لە مانگی شەشی 2024 بۆ مانگی 11ی 2024 و تا ئێستا نەهاتوون وەری بگرن، دەتوانن لەگەڵ مووچەی مانگی هەشت ئەو بڕەپارەیە وەربگرن، مەرجی خەرجکردنی پارەکە ئەوەیە ناویان لە لیستەکاندا هەبێت”.
بەهۆی جێبەجێكردنی یاسای خانەنشینیی فیدراڵ، ئەمساڵ، سێ مەوالید بەیەكەوە خانەشین كران كە نزیكەی 30 هەزار فەرمانبەر بوون.
لای خۆیەوە، بەرپرسێكی بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی هەولێر ڕاگەیاند، “لەگەڵ مووچەی مانگی هەشتدا بەشێكی كەم لە خانەنشینانی ئەمساڵ دوو بۆ سێ مووچە وەردەگرن، ئەوانەی شەش بۆ حەوت مووچەیان پێ نەدرابوو ئەوە لای ئێمە تەواو بووە، ڕەنگە لە هەندێك شوێن ژمارەیەكی كەم مابن، ئەوانیش لەم مانگەدا مووچەكانیان بەتەواوی پێ دەدرێت”.
ئاماژەی بەوەشدا: “ئەو خانەنشیانەی لەدوای ساڵی 2014 بۆ 2024 خانەنشین كراون 3%ی مووچەی بنەڕەتییان لێ دەبردرێت، ئەوەش بڕیاری حكومەتی عێراقی فیدراڵە و بابەتەكە پەیوەستە بە هاوتاكردنی یاسای خانەنشینی”.
