سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات، ئەو هەڵمەتەی کە ساڵی ڕابردوو کە بۆ بڵاوکردنەوەی ئاڵای تاجیکستان لە سۆشیال میدیا ئەنجمدرا، زیانی بە ئاڵای کوردستان گەیاندووە، چونکە ئەگەر زانیاریی هەڵە بە زیرەکیی دەستکرد بدرێت، ئەنجامی هەڵەت پێ دەداتەوە.
هیوا ئەفەندی، سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە میانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ “ئەربیل ئیدیشن” کە ڕۆژنامەنووس ئەیوب نوری ئەنجامیداوە، باسی لە کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئەو هەڵمەتە کرد کە ساڵی ڕابردوو بە ناوی هەوڵدان بۆ دروستکردنی ئیمۆجی ئاڵای کوردستان ئەنجامدرا و تێیدا دەیان پەیج لە یەک کاتدا ئاڵای تاجیکستانیان بڵاودەکردەوە.
هیوا ئەفەندی دەڵێت: “ئەگەر داتای خراپ بدەیت بە زیرەکیی دەستکردەکەت، ئەوا ئەنجامی خراپت دەداتەوە. بۆ نموونە، لەبیرتە پار میدیاکان داوایان لە خەڵک دەکرد ئاڵای تاجیكستان بەکاربهێنن؟…بەشداریکردنی میدیا لە هەڵمەتی لەوجۆرەدا بە بێ دڵنیابوونەوە لە ڕاستییەکەی دەرەنجامی زۆر وێرانکەری دەبێت”.
ئەوەش دەخاتەڕوو کە پار ویستوویەتی بە هۆی دەرەنجامە خراپەکانی هەڵمەتەکەوە ویستوویەتی ئەو هەڵمەتە ڕابگرێت، بەڵام ئەگەر ئەوەی بکردایە، ئەوا خەڵک دەیانوت: “دەمانتوانی ئیمۆجی ئاڵای کوردستانمان هەبێت، بەڵام هیوا ڕایگرت….بۆیە ناچار بووم بێدەنگ بم و بە تیمەکەشم وت بێدەنگ بن”.
هیوا ئەفەندی وەک ئاماژەیەک بۆ دەرەنجامە خراپەکانی ئەو هەڵمەتە دەڵیت، ئێستا زۆربەی کات کە داوای لێ دەکەیت تویتێکتت لەسەر کوردستان بۆ ئامادە بکات، ئاڵای تاجکستانت پێ دەدات.
پار هەڵمەتی دانانی ئیمۆجیی ئاڵای تاجیكستان لەلایەن هەندێک کەس و بە پشتیوانی دەیان پەیج ئەنجامدرا، لەبەر ئەوەی تا ڕادەیەک لە ئاڵای کوردستان دەچێت و پێیان وابوو لەو ڕێیەوە دەتوانن کۆمپانیا گەورەکانی وەک گوگڵ یان تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هان بدەن ئیمۆجی ئاڵای کوردستان بە فەرمی زیاد بکەن.
