سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە هەولێر پڕۆژەی “مێگەل”ی ئاژەڵداری و كشتوكاڵی كردە و ڕایگەیاند، بە دەست و بازووی ناوخۆیی دروست كراوە و هەزار هەلی كار دەڕەخسێنێت.
پڕۆژەکە لە دوو قۆناغ پێکهاتووە: قۆناغی یەکەم 100٪ی کارەکانی تەواو بووە، قۆناغی دووەم دەست بە جێبەجێکردنی دەکرێت، تێچووی پڕۆژەکە نزیکەی 100 ملیۆن دۆلارە.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەیەکی کشتوکاڵی و ئاژەڵداری لە سنووری پارێزگای هەولێر کردەوە و لە وتارێکدا ڕایگەیاند “ئەو هاووڵاتییانەی بەرهەمە ناوخۆییەکانی ئەم پڕۆژەیە لە سوپەر مارکێتەکان دەکڕن، دەتوانن دڵنیابننەوە لە کواڵێتیی کۆنترۆڵی وەزارەتی تەندروستی دەرچووە و زۆر سەلامەتن بۆ بەکارهێنان
وتیشی، “پڕۆژەی مێگەل، کە بێگومان پڕۆژەیەکی زۆر زۆر گرنگە ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستاندا. بە کردنەوەی ئەم پڕۆژەیە، خزمەتی زیاتری هاووڵاتییان دەکرێت. خۆشحاڵ بووم بەسەرکردنەوەی چەندان بەشی پڕۆژەکە”.
ڕاشیگەیاند، ئەوەی جێی دڵخۆشییە ئەوەیە ئەم پرۆژەیە بە دەست و بازووی ناوخۆیی دروست کراوە.
ئاماژەی بەوەشدا، بەردەوام دەبین لە ئاسانکاریکردن لە هەموو سێکتەرەکان بۆ ئەوەی بۆ ئەوەی باشترین خزمەتگوزاری پێشکەش بە هاونیشتمانیان بکرێت.
ئامانجی دروستکردنی پڕۆژەکە دامەزراندنی سەنتەرێکی بازرگانی هاوچەرخە بۆ هێنان و ناردنی و کڕینی و فرۆشتنی ئاژەڵ لە سەرتاسەری عێراق، هەروەها پەیڕەوکردنی ستانداردە جیهانییە کشتوکاڵییەکانە لە قەڵەوکردن و بەخێوکردنی ئاژەڵ، نوێگەری لە داهێنان و بەرهەمهێنانی گۆشت و پێشکەشکردنی بە هاونیشتمانیان بە باشترین کوالێتی و ڕەچاوکردنی مەرجە تەندروستییەکان، پاراستنی ژینگە لە ڕێگەی بەکارهێنانی نوێترین ئامێر و سیستەم بۆ ڕێگریکردن لە پیسبوونی ژینگە و بەکارهێنانەوەی جۆرە جیاوازەکانی پاشەڕۆ بۆ بەرهەمی سوودبەخش، دەستبەرکردنی هەزار هەلی کار بۆ هاونیشتمانیان.
رۆژەکە لە دەروازەیەکی سەرەکی پێکدێت، هەروەها چەند بەشێکی جیاواز لەخۆدەگرێت، بەم شێوەیەن:
– سەربڕخانەیەک لەسەر ڕووبەری 36 هەزارو 501 مەتر دووجا، کە لە توانایدا هەیە لە ڕۆژێکدا سێ هەزار سەر مەڕ و 400 ڕەشەوڵاخ سەرببڕێت.
– حەساری بەخێوکردنی ئاژەڵ: ئەم بەشە 380 حەسار بە سێ ڕووبەری جیاواز لەخۆ دەگرێت کە بەم شێوەیەیە:
198 حەسار بە ڕووبەری 704 مەتر دووجا
36 حەسار بە ڕووبەری 833 مەتر دووجا
16 حەسار بە ڕووبەری 563 مەتر دووجا
106 مەیدان بە ڕووبەری 558 مەتر دووجا
یەک مەیدانی ڤی ئایپی بە ڕووبەری هەزار و 90 مەتر دووجا
– یەکەی پاڵاوتنی ئاوی پیس لەخۆ دەگرێت، کە توانای هەزار و 200 لیتر ئاوی پیسی هەیە.
– یەکەی سووتاندنی پاشەڕۆ لەخۆ دەگرێت. توانای وەرگرتنی هەزار و 500 کیلۆگرام پاشەڕۆی هەیە.
25%ـی پڕۆژەکە کراوەتە سەوزایی.
