پارێزەرێکی ڕاوێژکار سکاڵایەکی فەرمی و بەپەلەی ئاڕاستەی هەریەک لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی داواکاری گشتی، بەڕێوەبەرایەتی پاراستنی ژینگە، و پۆلیسی دارستان کردووە، سەبارەت بە دزەکردنی نەوتی ڕەش بۆ ناو ڕووبار و دەریاچەی دوکان.
بەپێی ناوەڕۆکی سکاڵاکە، کە لەلایەن پارێزەر بەرهەم عەبدولڕەحمانەوە پێشکەشکراوە، گوزارشت لە “پیسبوونێکی ژینگەیی جددی” دەکرێت، کە لە ناوچەی نێوان ڕێگای دوکان و خەلکان (گۆمە جولەکە) ڕوویداوە.
پارێزەرەکە ئاماژەی بەوەداوە کە “هەندێک لە تەنکەرەکانی نەوتی ڕەش بە مەبەستی فڕێدانی پاشماوەی نەوت بە شێوەیەکی نایاسایی لەم شوێنانە پاشماوەکان فڕێ دەدەن.”
لە سکاڵاکەدا هاتووە، کە ئەم پاشماوە نەوتییە لەگەڵ ئاوی باراندا دەڕژێتە ناو دەریاچەی دوکان، ئەو ئاوەی سەرچاوەیەکی سەرەکی ئاوی خواردنەوە و ژیانی کشتوکاڵییە لە کوردستان، و ئەمەش مەترسییەکی جدی لەسەر ژیانی ئاوی و ژینگەی سروشتی کوردستان دروست دەکات.
پارێزەر عەبدولڕەحمان داوای چەند خاڵێکی سەرەکی لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات، لەوانە:
- ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی بەپەلە لە ڕووداوەکە و شوێنپێهەڵگرتنی سەرچاوەی دزەکردنی نەوتەکە و دەستنیشانکردنی لایەنی بەرپرسیار.
- سەپاندنی سزای یاسایی بەسەر هەموو لایەنەکان یان کەسانی بەرپرسیار لەم پێشێلکارییەی یاساکانی ژینگە.
- گرتنەبەری ڕێوشوێنی خێرا بۆ چارەسەرکردنی پیسبوونەکە و پاککردنەوەی ڕێڕەوی ئاو و دەریاچە لە پاشماوەی نەوت.
- بڵاوکردنەوەی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان و ئاگادارکردنەوەی هاووڵاتیان لە ڕێکارەکانی خۆپارێزی بۆ ڕێگریکردن لە ڕووداوی هاوشێوە لە داهاتوودا.
ئەو پارێزەرە دەشڵێت، ئەم داواکارییە فەرمییە گرنگی بە کاری بەپەلە و جددی دەدات بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە ژینگەییە هەستیارە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو مەترسییە گەورەیەی لەسەر سەرچاوەی ئاوی سەرەکی ناوچەکە دروست بووە.
