سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ باڵیۆزی ڕوسیا لە عێراق كۆبووەوە و وتی، پێویستە دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردن بکرێنە پێوەر بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی فیدڕاڵی بەهێز لەسەر بنەمای دەستووری هەمیشەیی عێراق.
بارەگای بارزانی بڵاویكردەزوە، لە پیرمام، مەسعود بارزانی پێشوازی لە ئیلبروس کوتراشیڤ، باڵیۆزی ڕوسیا لە عێراق کرد و باس لە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، ڕێککەوتنی ئەم دواییەی نێوان هەردوولا لە بارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کرا و درێژەدان و بەردەوامی پێشخستنی ئەم رێککەوتنە بە گرنگ زانرا.
لە بەشێکی دیکەی ئەم دیدارەدا گفتوگۆ لەبارەی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و دەرئەنجام و هەنگاوەکانی دوای ئەم پڕۆسەیە و لێکنزیکبوونەوەی لایەنە سیاسییەکانی عێراق کرا.
لای خۆیەوە بارزانی وێڕای دەربڕینی پاڵپشتی خۆی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە کەشێکی ئازاد و دیموکراسیدا، جەختی لەوە کردەوە، کە پێویستە دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردن بکرێنە پێوەر بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی فیدڕاڵی بەهێز لەسەر بنەمای دەستووری هەمیشەیی عێراق و بە بەشداری هەموو پێکهاتە و لایەنە سیاسییەکان.
