spot_imgspot_img

پەکەکە کشانەوەی بەشێک لە گەریلاکانی لە تورکیا ڕاگەیاند

بەڕێوەبەرایەتیی تەڤگەری ئازادی ڕایگەیاند، وەک هەنگاوێکی نوێی کرداری بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی کۆنگرەی 12ی پەکەکە، دەستیان کردووە بە کشانەوەی ئەو هێزانەیان لە ناوچە سنوورییەکانی تورکیا کە “لەبەردەم ئەگەری مەترسیی پێکداداندان.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، کشانەوەکە بەرەو “هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا”(هەرێمی کوردستان) دەبێت و بەشێک لەو هێزانەی کە گەیشتوونەتەوە، لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا ئامادە بوون.

ڕاگەیەندراوەکە، ئەمڕۆ یەکشەممە 26ی تشرینی یەکەمی 2025 دەرچووە، جەخت لەسەر ئەو پرۆسەیە دەکاتەوە کە ساڵی ڕابردوو لەسەر بانگەوازی سەرکردەکانی تورکیا و دواتر عەبدوڵا ئۆجەلان دەستی پێکرد. تیایدا هاتووە: “ئێمەی لایەنی کورد لە ماوەی هەشت مانگی ڕابردوودا هەنگاوی گەورەی مێژووییمان ناوە”.

ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی بە هەنگاوەکانی پێشووی کردووە، لەوانە:

ڕاگەیاندنی ئاگربەست: لە 1ی ئاداری 2025 بۆ دروستکردنی زەمینەی گفتوگۆ.

کۆنگرەی 12ی پەکەکە: لە 5-7ی ئایار بەڕێوەچوو و تیایدا بڕیاری کۆتاییهێنان بە بوونی ڕێکخراوەیی پەکەکە و ستراتیژییەتی تێکۆشانی چەکداری درا.

سووتاندنی چەک: لە 11ی تەمموز، گرووپێکی 30 کەسی بە پێشەنگایەتیی بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی کەجەکە، لە مەراسیمێکدا چەکەکانیان سووتاند.
بانگەواز بۆ حکومەتی تورکیا

لەگەڵ ڕاگەیاندنی هەنگاوی کشانەوە، “تەڤگەری ئازادی” داوا لە حکومەتی تورکیا دەکات کە پابەندی لایەنی خۆی بێت و ئەو هەنگاوە یاسایی و سیاسییانە بنێت کە مەرجی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی کۆنگرەی 12 بوون. داواکارییە سەرەکییەکان بریتین لە:

دەرکردنی “یاسای ڕاگوزەری تایبەت” بە ئەندامانی پێشووی پەکەکە.

دەرکردنی ئەو یاسایانەی کە ڕێگە بۆ بەشداریکردن لە سیاسەتی دیموکراتییانە خۆش دەکەن.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، بانگەواز ئاراستەی “تێکڕای گەل، بە تایبەتیش ژنان و گەنجان” کراوە و تیایدا هاتووە: “ڕۆژ، ڕۆژی چاوەڕوانیکردن نییە، ڕۆژی تێکۆشانی ڕێکخراوەییە بۆ بەدیهێنانی ژیانی ئازادی و دیموکراسی.” داوا کراوە کە هەموو لایەک لە ئاستی هەڵمەتێکی سەرتاسەریدا کار بۆ سەرخستنی “پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی” بکەن.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە