وتەبێژی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، كڕین و فرۆشتنی كارتی دەنگدان حەرامە و كۆمهڵهی فیقهی عێراق ددەڵێت: كڕین و فرۆشتنی به كارتی دهنگدان حهرامە و ئەوەی پارەکەش وەردەگرێت و لەو نێوانەدایە بەشدارە لە تاوانەکە.
دکتۆر عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، وتەبێژی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان، ڕایگەیاندووە، بەشداریکردن لە هەڵبژاردندا ئەرکێکی ئایینی و نیشتمانییە، بە مەرجێک پرۆسەکە بە شێوەیەکی ئازاد و مەدەنی بەڕێوەبچێت و ئامانج لێی دەستنیشانکردنی کەسی شیاو بێت بۆ خزمەتکردنی گەل و نیشتمان.
دەشڵێت: هەڵبژاردن “ئەمانەتە” و پێویستە ڕەچاوی پێوەرە یاسایی و شەرعییەکان بکرێت.
ئاماژەی بەوەشكردووە، “دەنگدان واتە دیاریکردنی کەسێک کە شایستەی وەرگرتنی پۆست و بەرپرسیارێتی بێت و جێگەی ئومێدی داهاتووی گەل و نیشتمان بێت، بۆیە، هەڵبژاردنی کەسێکی لێهاتوو، ئەمین و پسپۆڕ، بەرپرسیارێتییەکی گەورەیە لەسەرشانی هەموو تاکێک”.
دەربارەی کڕین و فرۆشتنی کارتی دەنگدان ئایا “حەرامە یاخود حەڵاڵ”، شێرکاوەیی هۆشداریی دا و وتی: “ئەگەر پرۆسەکە لە ڕێڕەوی ئاسایی خۆی لابدرێت و ببێتە هۆی گەندەڵی، وەک کڕین و فرۆشتنی کارتی دەنگدان، ئەوا ئەو کارە حەرامە و ڕێگەپێدراو نییە، چونکە لێکەوتەی خراپی دەبێت”.
لای خۆشیەوە، عهبدولوههاب سامهڕائی، ئیمام و وتاربێژی مزگهوتی ئیمامی ئهعزهمی بهغدا و بهرپرسی كۆمهڵهی فیقهی عێراقی سوننه مهزههب لەبارە هەڵبژاردن لە وتارێکی ئایینیدا ئاماژەی بەوەدا، کە هەموو جۆرە مامەڵەکردنێک بە کارتی دەنگدناەوە حەرامە و هۆکاری گەندەڵییە.
ئاماژەی بەوەشداوە، ئەوەی دەنگەکە دەفرۆشێت و ئەوەشی دەنگەکە دەکڕیت، لەگەڵ ئەوەشی لەو نێوانەدا کارەکە ڕیکدەخات، بەشدارن لە تاوانەکە لەڕووی ئایینییەوە.
ڕوونکردنەوەی زیاتری داوە و وتویەتی، “مامەڵەکردن بە کارتی دەنگدان، هاوکارە لە گرتنەدەستی دەسەڵات لەلایەن گەندەڵکارانەوە و پارەدارە سیاسییەکان دەتوانن بە خواستی خۆیان زۆترین دەنگ بکڕن، ئەوەش هۆکاری خراپەکارییە”.
بڕیارە لە 11ی مانگی داهاتووی ئەمساڵ هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی عێراق ئەەنجام بدرێت و بەپێی ئەو دەنگۆیانەی لە میددیا عەرەبییەكان و چەند كەسایەتییەكی سیاسی عێراقییەوە بڵاوكراوەتەوە، كڕین و فرۆشتن بە كارتی دەنگدانەوە دەكرێت و نرخی كارتێك لە هەندێك ناوچە گەیشتۆتە 500 هەزار دینار.
