سەرۆكی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، دەبێت چارەسەری هات و نەهاتی مووچە بكرێت و دەشڵێت: ئەو بەرپرسانەی ئێستا لەبەغدان عێراقیان ڕزگار نەكرد، بەڵكو ئەمریكا و هاوپەیمانان و پێشمەرگە عێراقیان ڕزگار كرد و ئەوانە “سەربازی فیرار” بوون.
محەمەد حاجی مەحمود، سەرۆكی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان لە بانگەشەی هەڵبژاردنی حزبەكەی لە سلێمانی وتی، “دەبێت ئەو بڕیارانەی لە بەغداوە لەسەر خەڵكی كوردستان دەدرێت سنووری بۆ دابنێین و نەهێڵین یاری بە عەقڵی خەڵك بكرێت”.
ڕاشیگەیاند، هەرێمی كوردستان تەنها شوێنێك نییە كورسی بۆ دابنرێت، چونكە چەندین جار كورسی پەرلەمانی عێراق زیادكراوە بەڵام بۆ هەرێم نەكراوە و دەبێت هەوڵ بدەین بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتوو هەموو عێراق یەك بازنەبێت تاكو دەنگی كورد نەفەوتێت.
دەشڵێت: ئەگەر هەموو عێراق یەك بازنەبێت ئەوا كورد 90 كورسی دەهێنێت.
ئاماژەی بەوەشدا، زۆربەی سەرۆك وەزیرەكانی ڕابردووی عێراق ژمارەیەكی كەم كورسیان هەیە یان هەر نەیانبووە و كراون بە سەرۆك وەزیران، بەڵام مالكی و عامری و چەندین كەسی دیكە ژمارەی زۆری كورسیان هەبوووە و نەكراون بە سەرۆك وەزیران بەوەش دەبینین هەڵبژاردن گرنگی نامێنێت و یاساكان جێبەجێ ناكرێن.
جەختیشی كردەوە، دەبێت هەوڵ بدەین دەستوور جێبەجێ بكرێت و ئەنجوومەنی فیدڕاڵی دروست بكرێت لە عێراق كە هەموو پارێزگاكان دوو نوێنەریان دەبێت بە یەكسانی بەوەش گەورەترین پارێزگای عێراق و بچوكترین پارێزگا كە هەڵەبجەیە وەكو یەك دەنگیان لەو ئەنجوومەنە دەبێت.
محەمەد حاجی مەحمود پێی وایە، “دەبێت سیستمی حوكمڕانی لە عێراق بكرێتە كۆنفیدڕاڵی و ئەو كات چەند وەزارەتێك دەبن بە هاوبەش و ئەوانی دیكە سەربەخۆ دەبن”.
وتیشی، “دەبێت چارەسەری هات و نەهاتی مووچە بكرێت و جارێك دەڵێن دێت و جارێك دەڵێن نایەت سەرۆك وەزیران پەشیمان بووە و ئەوەش سوكایەتیە بە 6 ملیۆن خەڵكی هەرێمی كوردستان”.
ئاماژەەی بەوەشكرد، ئەەوانەی ئێستا بڕیاربەدەستن لە بەغدا عێراقیان ڕزگار نەكردووە، ئەوە هاوپەیمانان و ئەمریكا و پێشمەرگە بوو عێراقیان ڕزگاركرد و ئەوانە “سەربازی فیرار” بوون.
