تا ئێستا ئەپی پسووڵەی ئەلیکترۆنی خۆراکی مانگانە چالاک نەکراوەتەوە و بەڕێوەبەری ڕێکخستنی پسووڵەی خۆراکی سلێمانیش زانیاری نوێ دەخاتەڕوو.
ئاراس محەمەد، بەڕێوەبەری ڕێکخستنی پسوڵەی خۆراک لە سلێمانی بە میدیای پارتی ڕاگەیاند: دوای زیاتر لە دوو ساڵ راگرتن، مانگی داهاتوو زیادکردنی منداڵ بۆ ناو فۆڕمی خۆراک دەستپێدەکاتەوە و خێزانەکان دەتوانن منداڵەکانیان لە فۆڕمی خۆراک تۆماربکەن.
لە 5ی ئازاری 2023ـەوە گواستنەوەی فۆڕمی خۆراک و زیادکردنی ناوی منداڵ بۆ فۆڕمی خۆراک لە تەواوی هەرێمی کوردستان راگیراوە. هەرچەند فۆڕمی خۆراک کرایە ئەلیکترۆنی و بڕیار بوو کۆتایی ئەم مانگە دەستپێبکاتەوە، بەڵام تا ئەمڕۆ پڕۆسەکە ڕاگیراوە.
سیامەند قادر نانەکەلی، بەڕێوەبەری پسووڵەی خۆراک لە هەولێر ڕایگەیاند: “تا ئەمڕۆ ئەپلیکەیشنەکە کارا نەکراوە و زیادکردنی منداڵ و گواستنەوەی فۆڕم ناکرێت”.
