spot_imgspot_img

هەناردەی نەوتی هەرێم زیاد دەکرێت

کۆمپانیای نەوتی باکوور لەبارەی هەناردەی نەوتی هەرێم زانیاری نوێ ئاشکرادەکات و دەڵێت” هەناردەی نەوتی هەرێم بۆ ٢٥٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرز دەکرێتەوە”

کۆمپانیای نەوتی باکوور، کە سەر بە وەزارەتی نەوتی عێراقە، ئەمڕۆ هەینی ڕایگەیاند کە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بۆرییەکانی باکوورەوە، لە مانگی داهاتوودا بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیاد دەکرێت.

لە لێدوانێکدا بۆ میدیا عێراقییەکان، کۆمپانیاکە ئاشکرای کرد، کە پێشبینی دەکرێت قەبارەی هەناردەی نەوت بە ڕێژەی ٨٦٪ بەرز بکرێتەوە و بگاتە ٢٥٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، بە بەراورد بە تێکڕای ١٣٥ هەزار بەرمیل کە لە مانگی ئێستادا هەناردە کراوە.

کۆمپانیای نەوتی باکوور جەختی لەوە کردەوە، کە ئەم زیادبوونە، کە پشتڕاستکراوەتەوە بەپێی داتا فەرمییەکان، ئاماژەیە بۆ “گەڕانەوەی وردە وردەی ڕۆیشتنی نەوتی باکوور بۆ بازاڕە جیهانییەکان”. بڕیارە عێراق نزیکەی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی خاوی کەرکووک لە بەندەری جەیهان (لە تورکیا) بار بکات.

جێگای ئاماژەیە، هەرچەندە هەناردە و فرۆشتنی نەوتی هەرێم لە ساڵی ٢٠٢٣ بە بڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریس ڕاگیرابوو، بەڵام دوای ڕێککەوتنی هەرێم و بەغدا لە سەرەتای ئەم مانگەوە، ئێستا ماوەی زیاتر لە سێ هەفتەیە هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆی فیدراڵییەوە بۆ دەرەوە دەستی پێکردووەتەوە.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە