“کوردستان ناگاتە قۆناغێک کە خەڵک بە هۆی کەمئاوی ناچار بە کۆچکردن بن”

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی پڕۆژەی ستراتێژیی ئاوی قوشتەپە و بێستانە و 72 گوندی دەڤەرەکە ڕایگەیاند کەمئاوی و گۆڕانی کەشوهەوا مەترسیی گەورەی بەدوادا دێ بەڵام کوردستان ناگاتە قۆناغێک کە خەڵک بە هۆی کەمئاوی ناچار بە کۆچکردن بن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 23ـی تشرینی یەکەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی ستراتێژیی ئاوی قوشتەپە، بێستانە و 72 گوندی دەڤەرەکەی کردەوە و ڕایگەیاند، مەترسیی کەمئاوی کۆچکردنی هاووڵاتییان لە شوێنێک بۆ شوێنێکی تری بەدوادا دێت لەبەر ئەوەی لە شوێنێک ئاو نەبێ و بەبیابانبوون دروست بێ، خەڵک ڕوو لە شوێنێک دەکات کە ژیانی تێدایە.

مەسرور بارزانی دڵنیایی دایە هاووڵاتییان وتی” کوردستان ناگاتە قۆناغێک کە خەڵکەکەی بە هۆی کەمئاوییەوە ناچار بن کۆچ بکەن”.

ئاماژەی بەوەشدا، ماوەیەکی زۆرە هەستمان بەوە کردووە کە بە فراوانبوونی شارەکان و زیادبوونی داواکاریی خەڵک بۆ ئاو پێویستیمان بەوەیە کە پڕۆژەی ئاو بە هەموو شار و شارۆچکە و گوند و دێهاتەکانمان بگات. هەم بۆ ئەوەی خەڵکی ئێمە ئاسوودە بن و هەم بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین بە باشترین شێوە سوود لە ئاوی سەر زەوی وەربگرین و نەهێڵین ئاوی ژێر زەوی و بیرەکان بەم شێوەیە ئەوەندە بچێتە خوارەوە. کەواتە زۆر گرنگە ئێمە بتوانین بەم پڕۆژانە زیاتر ئاوی سەر زەوی بەکار بێنین. ئەم ئاوە هەم بۆ خواردنەوە، هەم بۆ کشتوکاڵ، هەم بۆ باشتر کردنی ژیانی هاووڵاتییان زۆر زۆر گرنگ دەبێت.

مەسرور بارزانی ئەوەشێ خستتەڕوو، پێش لەماوەی ڕابردوودا پڕۆژەیەکی تری گەورەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاو بۆ ناو شاری هەولێر کە ئەنجام درا و بە کۆتایی گەیشت، ئەویش هەر دیسان بەشێک بووە لەو پڕۆژە و بەرنامانەی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەمانبووە بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین زیاتر خزمەتی هاووڵاتییان بکەین. ئەمڕۆش لێرەین بۆ ئەوەی پێتان بڵێین بەڵێنێکی تریشمان جێبەجێ کرد و ئەم پڕۆژەیەشمان بە ئەنجام گەیاند.

جەختیشێکردەوە، جگە لەو پڕۆژانە ئێمە چەندین پڕۆژەی تریشمان لەبەر دەستن. هێندێکیان جێبەجێ کراون. هێندێکیان خەریکن جێبەجێ دەکرێن و هێندێکیش پلانیان بۆ داڕێژراوە لە ئایندەیەکی نزیکدا جێبەجێ بکرێن. تەنیا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بڕیارمان لەسەر دروستکردنی پڕۆژەیەکی گەورەی ئاوی دووکان-سلێمانی دا کە ئەوەش بێگومان بابەتی قەیرانی ئاو لە سلێمانییش کۆتایی دێنێت. پڕۆژەکانی تریش هیوادارم لە کاتێکی زوودا بە ئەنجام بگەن بۆ ئەوەی هیچ شوێنێک لە کوردستان نەمێنێت کە تووشی گرفت و قەیرانی کەمئاوی ببێت.

مەسرور بارزانی داوایەک ئاڕاستەی مامۆستایان و هاوولاتیان دەکات و دەڵێت”داوام لە هەموو خوشک و برایانی خۆشەویست، لە قوتابخانەکان، بە تایبەتی لە مامۆستایانی ئایینی لە ڕۆشنبیران، کە ڕێنماییمان بکەن، ئامۆژگاریمان بکەن بۆ ئەوەی ئاو بەفیڕۆ نەدرێت. دەست بە ئاوەوە بگرین. نیعمەتێکی گەورەیە، بەڵام با بە باشترین شێوە سوودی لێ وەربگرین. ئێمە بێگومان دەتوانین زۆر زۆر وڵاتەکەمان خۆشتر بکەین، ئەگەر بزانین چۆن سوود لەو نیعمەتە وەربگرین کە خوا پێی بەخشیوین. بابەتی وشیارکردنەوە بابەتێکی گرنگە. داوا دەکەم نەک تەنیا بابەتی ئاو، بەڵکوو ژینگەپارێزی بە شێوەیەکی گشتی ببێت بە کولتوورێک هەموومان پێیەوە پابەند بین”.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە