spot_imgspot_img

نوێترین هەڵوێستی دەمیرتاش و یوکسەکداغ لەسەر پرۆسەی ئاشتی ئاشکرا کرا

هاوسەرۆکانی پێشووی هەدەپە پشتیوانی خۆیان بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی دووپا دەکەنەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، پەروین بوڵدان و میتحەت سانجار، ئەندامانی شاندی دەم پارتی ڕاگەیەندراوێکیان دەربارەی سەردانەکانیان بۆ لای سەرکردە زیندانیکراوەکانی کورد “سەڵاحەدین دەمیرتاش، فیگەن یوکسەکداغ، سەلچوک مزراکلی و سەمرا گوزەل” بڵاوکردەوە کە لە هەردوو زیندانیی ئەدیرنە و قاندیرە ئەنجامیان دا.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە ” هەموویان ورەیان بەرز و تەندروستی باشن و کۆبوونەوەکانمان بە پلەی یەکەم لەسەر گواستنەوەی زانیاری و ئاڵوگۆڕی بیرۆکە سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی بوو”.

ئەوەشیان خستەڕوو کە “سەڵاحەدین دەمیرتاش جەختی لە پاڵپشتی تەواوی خۆی بۆ پرۆسەکە کردەوە و ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ ئەوەی بە هەموو شێوەیەک بەشداری بکات لە سەرکەوتنی پرۆسەکە و بەرقەرارکردنی ئاشتی و دیموکراسی”.

هاوکات “فیگەن یوکسەکداغ جەختیکردەوە لەوەی هیوای بۆ بنیاتنانی ئاشتی و کۆمەڵگایەکی دیموکراسی هەیە و بە بەهێزی پشتیوانی لەو ڕێبازە و بەشداریکردن تێدا دەکات”.

شاندی دەم پارتی لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا جەختیان کردەوە کە مانەوەی هاوڕێکانیان لە زیندان کە بە شێوەیەکی یاسایی بێتاوانییان سەلمێندراوە ناڕەوایە و جێگەی قبوڵکردن نییە.

 

spot_img
spot_img
spot_img
spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە